«هۆشەنگ دەروێش» نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دەستگیر بوونی چەند کەس لە ئەندامانی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتییەوە لە هەولێر و وتی: سێ کەش لە نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان و پێشوازی کردن لە شاندێک چووبوونە فڕۆکەخانەی هەولێر کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتەوە دەستگیر کران.
ناوبراو وتیشی: ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە چەند ڕۆژی ڕابردوو گرژییە سیاسی و سەربازییەکان لەناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان سەری هەڵداوە و ئەمەش پرسەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
ناوبراو یادی کرد: ڕوونە کە پارتی سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گرتۆتە پێش و ئەمەش خزەت بە پرسی یەکگرتنی کورد ناکات.
ناوبراو وتیشی: ئەوانەی دەستگیر کراون هەموویان بە بنەماڵەکانیانەوە دانیشتووی هەولێرن و بە فەرمی ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەرن لە هەرێمی کوردستان و دەستگیر کردنیان هەڵەیە.
نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەستگیر کردنی چەند کەس لە ئەندامانی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان تەنها کارتی گوشارە و دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی مەتینا و خواستی تورکیا.
هۆشەنگ دەروێش زیادی کرد: کوردەکان لە دۆخێکی هەستیاردان و لە کوردستانی سووریا بە گەرەنتیی ئەمریکا خەریکی یەکگرتنن و هێرشی تورکیا تەنها بۆ سەر پەکەکە نییە و مەترسیێکی گەورەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ناوبراو وتیشی: ئێستا پەکەکە بەرگری لە هەرێمی کوردستان دەکات و ئەگەر لەم ناوچانەدا نەبێت تورکیا تا کەرکووک و مووسڵ دەچێتە پێشەوە و ئەمەش ئەردۆغان بە ئاشکرای باسی لێکردووە بەڵام پاتری قبووڵی ناکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment