بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیناتۆر لیندسی گراهام، کە یەکێک بوو لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی پارتی کۆماریخوازی ئەمریکا و لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی دۆناڵد ترەمپ، لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕەوە گیانی لەدەستدا. کۆچی دوایی ئەو، کۆتایی بە چالاکییە سیاسییەکانی یەکێک لە کاریگەرترین سیناتۆرەکانی بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هێنا؛ ئەو سیاسەتوانە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت پرسەکانی پەیوەست بە کورد، هەڵوێستی ڕوون و کاریگەری گرتبووە بەر.
نووسینگەی گراهام بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە ناوبراو ڕۆژی شەممە «بەهۆی نەخۆشییەکی کورتخایەن و کتوپڕەوە» گیانی سپاردووە. خێزانەکەشی وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پەیامەکانی سەرەخۆشی، داوایان کرد لەم قۆناغەدا ڕێز لە تایبەتمەندێتیی ژیانیان بگیرێت.
میدیای ئەمریکی «ئێن بی سی نیوز»یش لە زاری گفتوگۆی بێتیەلی هێزەکانی فریاکەوتنەوە ڕایگەیاند کە کارمەندانی فریاکەوتن (ئۆرجانس) ئێوارەی شەممە دوای پێگەیشتنی ڕاپۆرتێک لەسەر وەستانی دڵی ئەم سیناتۆرە، بەرەو ماڵەکەی لە واشنتۆن بەڕێکەوتبوون.
گراهام تەنیا یەک ڕۆژ پێش کۆچی دوایی، لە گەشتەکەی بۆ ئۆکرانیا گەڕابووەوە و لە کیێڤ لەگەڵ ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، کۆببووەوە.
ئەم سیناتۆرە کۆماریخوازی ویلایەتی کارۆلینای باشوور زیاتر لە دوو دەیە ئەندامێکی کاریگەری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا (سێنا) بوو و بەتایبەت لە بواری سیاسەتی دەرەوە، ئاسایشی نیشتمانی و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی چالاکی دەگێڕا. ئەو لە ساڵانی ڕابردوودا ببووە یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانە سیاسییەکانی دۆناڵد ترەمپ، هەرچەندە لە قۆناغە جیاوازەکاندا دیدگای سەربەخۆشی لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا دەخستە ڕوو.
لە نێوان ڕامیاروانانی ئەمریکیدا، لیندسی گراهام لەو کەمە سیناتۆرانە بوو کە بەردەوام لەسەر پرسەکانی کورد لە عێراق و سووریا هەڵوێستی دەردەبڕی. ئەو چەندین جار هۆشداری دابوو لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و جەختی دەکردەوە کە نابێت واشنتۆن هاوپەیمانە کوردەکانی خۆی، کە ڕۆڵی سەرەکییان لە تێکشکاندنی داعشدا هەبوو، بە تەنیا جێبهێڵێت. گراهام کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی ئەمریکای بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و زەمینەساز بۆ گەڕانەوەی داعش دەزانی.
ئەو هەروەها دوای هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا لە ساڵی ٢٠١٩دا، یەکێک بوو لە ڕەخنەگرە جدییەکانی ئەم هەنگاوە و لەگەڵ ژمارەیەک لە سیناتۆرەکانی ئەمریکا، پڕۆژەیاسای بۆ سەپاندنی سزاکان بەسەر ئەنقەرەدا پێشکەش کرد. گراهام چەندین جار جەختی لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و ڕێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی ئاسایشی کردبووەوە.
هەڵوێستەکانی ئەم سیناتۆرە تەنیا لە سووریادا سنووردار نەبوون؛ ئەو لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار پاڵپشتیی لە هەرێمی کوردستان کرد و داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەکرد. گراهام دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی بە هۆکارێکی گرنگ بۆ سەقامگیریی ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە دەزانی و جەختی لەسەر بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی واشنتۆن بۆ هەرێمی کوردستان دەکردەوە.
لەبەر ئەم هۆکارانە، ناوی لیندسی گراهام لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە پێشهاتەکانی کوردستانی عێراق، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد هاتووە. کۆچی دوایی کتوپڕی ئەو، جیا لەوەی کۆتاییهێنان بوو بە ژیانی یەکێک لە بەئەزموونترین سیناتۆرە کۆماریخوازییەکان، بە مانای لەدەستدانی یەکێک لە ناسراوترین پشتگیرانی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ کورد لە کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانیشدا دادەنرێت.
Your Comment