ئیسلامی دیموکراتیک دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکدا دەڵێت پێویستە ڕێگە نەدرێت ئیسلام بخرێتە خزمەتی دەوڵەت و دەسەڵات و هێزە سەرمایەدارەکانەوە. پێویستە بگەڕێنرێتەوە بۆ جەوهەرە ڕاستەقینەکەی و بخرێتەوە خزمەتی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسەتی دیموکراتیک و ژیانی ئازادەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فیدراسیۆنی توێژینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا (MÎA-FED) بە درووشمی "ئیسلامی دیموکراتیک: ڕاستگۆیی لە باوەڕ و ئازادیی لە کۆمەڵگەدا"، لە هۆڵی عەلی ئەمیری لە شارەوانی ئامەد، سێیەمین کۆنفرانسی خۆی ئەنجام دەدات. لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان خوێنرایەوە.

پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەم جۆرەیە:

بەشداربووانی بەڕێز، باوەڕدارانی هێژای کۆنفرانسی ئیسلامی دیموکراتیک...

ئیسلام لە جەوهەری خۆیدا بزووتنەوەیەکی حەقیقەت‌خوازی گەورەی کۆمەڵایەتییە، کە لەسەر بنەمای بەهاکانی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی دامەزراوە. یەکەمین کۆمەڵگەی ئیسلامی کە بە پێشەنگایەتیی حەزرەتی محەمەد هاتە کایەوە، وەک هەنگاوێکی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەهێز پەرەی سەند لە دژی چینایەتی، چەوساندنەوە و عەشیرەتگەریی کە لەلایەن شارستانیەتی دەوڵەتی و دەسەڵاتخوازەوە دەسەپێندرا.

بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەم جەوهەرە ئازادیخواز و کۆمەڵایەتییەی ئیسلام لەلایەن دەسەڵاتە دەوڵەتییەکانەوە وەلا نراوە. لە پرۆسەیەکدا کە لەگەڵ ئەمەوییەکاندا دەستی پێکرد، ئایین لە سیستەمێکی ژیانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕدرا بۆ ئامرازێکی شەرعیەتدان بە دەوڵەت؛ بەم شێوەیە ڕەگ و ڕیشە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکانی ئیسلام لاواز کران. ئەمڕۆش، هەم ئیسلامی فەرمیی دەوڵەت و هەم فیرقە جیاوازە ئایینییەکان (مەزهەبگەرایی) کە ئامانجیان دەسەڵاتە، بە شێوازی جیاواز، درێژەپێدەری ئەم لادانە مێژووییەن.

ئیسلامی دیموکراتیک گەڕانەوەیە بۆ بەها ئەخلاقی، ویژدانی و ئازادیخوازەکانی ناو جەوهەری ئیسلام. یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە مێژووییەکانی ئەم گەڕانەوەیە، "پەیمانی مەدینە"یە. پەیمانی مەدینە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی دیموکراتیکە کە ڕێگە بە بیروباوەڕ، ناسنامە، کەلتوور و کۆمەڵگە جیاوازەکان، ڕەسەنایەتی و تایبەتمەندییەکانی خۆیان بپارێزن، هەر هەموویان لەسەر بنەمای ژیانێکی هاوبەش پێکەوە دەبەستێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم پەیمانە یەکێکە لە مۆدێلە سەرەتاییەکانی پاراستنی فرەیی و یەکێتیی دیموکراتیک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

جیهادی ڕاستەقینە، جیهادی نەفسە. تێکۆشانی درێژخایەنە دژی مەیلی دەسەڵاتخوازی و خۆپەرستی و حەزی باڵادەستی و هەموو جۆرەکانی ستەمکاری. گەورەترین تێکۆشان، تێکۆشانی مرۆڤە بۆ گۆڕینی خۆی و گەیشتن بە حەقیقەت. بەبێ کەلتووری خۆڕەخنەکردن، نە ئازادیی تاکەکەسی و نە ئازادیی کۆمەڵایەتی گەشە ناکەن.

پرەنسیپی "شوورا" [ڕاوێژ] لە ئیسلامدا یەکێکە لە بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. شوورا بە واتای دەرخستنی عەقڵی گشتیی کۆمەڵگە، بڕیاردانی هاوبەش و شەفافییەتی بەڕێوەبردنە لە بەردەم چاودێریی کۆمەڵایەتیدا. ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکانی سیاسەتی دیموکراتیک، دیموکراسیی خۆجێیی و ژیانی کۆمۆناڵ لەنێو ئەم ڕوانگەیەدا دەبینرێتەوە.

ئەمڕۆش پێویستە ڕێگە نەدرێت ئیسلام بخرێتە خزمەتی دەوڵەت و دەسەڵات و هێزە سەرمایەدارەکانەوە. پێویستە بگەڕێنرێتەوە بۆ جەوهەرە ڕاستەقینەکەی و بخرێتەوە خزمەتی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسەتی دیموکراتیک و ژیانی ئازادەوە. پێویستە ئایین ببێتە ویژدانی کۆمەڵگە نەک هی دەسەڵات. حەقیقەت تەنها بە ڕێکخستنی ئازادانەی کۆمەڵگە، بەدەست دێت.

هەر زیهنیەتێک ڕێگریی لە ئازادیی ژن بکات، سرووشت وەک ئۆبێکتی بەکارهێنانی بێ‌سنوور سەیربکات و ناکۆکی بخاتە نێو گەلانەوە، هەرگیز ئاشنای جەوهەری ئیسلام نییە. ئیسلامی دیموکراتیک دیدگایەکی ژیانی ئەخلاقییە کە ئازادیی ژنان، ژیانی ئیکۆلۆژی، هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و خوشک-برایەتیی گەلان بە بنەما دەگرێت. لەبەر ئەوە، ئەم ڕێبازە نەک تەنیا بۆ کۆمەڵگە موسڵمانەکان، بەڵکو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی شارستانیەتی دیموکراتیک.

لە بەرانبەر قەیرانە قووڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕە مەزهەبییەکان، ململانێ نەتەوەپەرستییەکان و ململانێکانی دەسەڵاتدا، چارەسەر لە بەهێزکردنی زیاتری ڕێبازە دەوڵەتی و هەژموونخوازەکاندا نییە، بەڵکو لە پەرەپێدانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدایە.

دیدگای ئیسلامی دیموکراتیک دەتوانێت هاریکارێکی گەورە بێت بۆ گەیشتن بە "نەتەوەی دیموکراتیک"؛ ئەو ڕێبازەی کە تێیدا گەلان دەتوانن بە ناسنامە، بیروباوەڕ و ئیرادەی ئازادی خۆیانەوە پێکەوە بژین.

لەسەر ئەم بنەمایە، باوەڕم وایە کە گفتوگۆکانی ئێوە و ئەو ئەنجامانەی دەیانخەنە ڕوو، هاوکار دەبن لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلان و پێشخستنی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە ئێمە دەستمان پێکردووە.

News ID 227385

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha