نابێت هیچ هێزێکی کوردی ڕووبەڕووی هێزێکی تری کورد ببێتەوە

جەمیل بایک و موراد قەرەیلان لە پەیامێکی هاوبەشدا بۆ کۆمەڵەی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK)، گۆڕانکارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان وەک دەرفەت و لە هەمان کاتدا وەک تەحەدایەکی نوێ بۆ کورد وەسف کرد. ئەوان جەختیان لەسەر پێویستیی هاوکاری و گرتنەبەری ستراتیژییەکی هاوبەش لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی ڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK)، و موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی پاراستنی گەل (HPG)، بە ناردنی پەیامێکی هاوبەش بۆ بیست و چوارەمین کۆمەڵەی گشتیی KNK، هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی کورد لە ناوچەکەدا خستەڕوو. لەو پەیامەدا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی، تیشک خرایە سەر پرۆسە سیاسییەکانی باکووری کوردستان، دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و بارودۆخی سیاسیی باشووری کوردستان، و داوای داڕشتنی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو کرا.

ئەو پەیامە کە بە ڕستەی «سڵاو و ڕێزی خۆمان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی گشتی و تەواوی ئەندامانی کۆمەڵەکە دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە ڕاپەڕاندنی بەرپرسیارێتییەکانتاندا» دەست پێدەکات، تێیدا هاتووە:

«بەبۆنەی پەسەندکردنی ئەندامێتیمان لە کۆمەڵەی گشتیی پێشوودا، سوپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین. وەک دەزانن، بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە گونجاو نییە کە خۆمان لە کۆمەڵەی گشتیدا ئامادە بین. لەگەڵ ئەوەشدا، دەمانەوێت جەخت بکەینەوە کە تەواوی ئامادەییمان هەیە بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە لە تواناماندا بێت لە پێناو سەرخستنی چالاکییەکانی ئەم دامەزراوە نەتەوەییەدا.

دەستەی سەرۆکایەتیی بەڕێز و ئەندامانی خۆشەویست

ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی پڕ لە گرژی و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت. بە بڕوای ئێمە، پرۆسە کاتییەکانی ناوچەکە بەرەو دووبارە پێناسەکردنەوەی سیستمە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکەی هەنگاو دەنێن. ئەو پێکهاتە سیاسییەی کە نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر دروستبوو، لەسەر بنەمای دابەشکارییەکانی ئەو سەردەمە و پشتگوێخستنی پرسی کوردستان بنیات نرابوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو پێکهاتەیە لەبەردەم تەحەدا و پرسیاری جدی دایە.

بەتایبەتی، جەنگی بەردەوامی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە، بارودۆخ و دەرفەتی نوێی بۆ تەواوی گەلانی ئێران و هەروەها کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەخساندووە. ئێمە وەک کورد لەم جەنگەدا لە پاڵ هیچکام لە لایەنە ناکۆکەکاندا نین. بەڵام، ئەگەر گۆڕانکارییەکانی ئێستا ببنە هەوێنی ڕەخسانی دەرفەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێ، بێگومان کۆمەڵگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کاریگەریی ئەرێنی لەو دەرفەتانە وەردەگرێت.

ئێمە لەو باوەڕەداین کە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت نەک تەنها لەسەر ئەو پێکهاتە سیاسییەی لە سەدەی ڕابردوودا دروستبووە، بەڵکو لەسەر ڕێککەوتنە مێژووییە کۆنەکانی تریش... لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت هێشتا یەکێتییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام بە تەواوی شێوەی نەگرتبێت. هیوای ئێمە ئەوەیە کە ئەم لێکتێگەیشتنە ببێتە هۆی هاوکاری و هاوسەنگییەکی بەربڵاوتر و کاریگەرتر...

مەترسی و دەرفەت پێکەوە بوونیان هەیە

ئەم دۆخە تەنها سنووردار نییە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بەڵکو ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە ڕوونی دەبینرێت. ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم کە دوای ڕووداو و پێکدادانەکانی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ هاتە ئاراوە، بەشێک لە دەستکەوتەکانی ئێستای پاراستووە. بەڵام، ئەوەی کە حکومەتی دیمەشق و لایەنە پاڵپشتەکانی تا چەند پابەندی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەم ڕێککەوتنە دەبن، هێشتا نادیارە.

لە ئێستادا، هەوڵگەلێک دەبینرێن بۆ سنووردارکردن یان کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەم ڕێککەوتنە. بە گشتی، دۆخی سووریا هێشتا لە قۆناغی گواستنەوەدایە و ئاسۆی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو بە تەواوی ڕوون نییە. دیار نییە لە داهاتوودا چی لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات. لەبەر ئەوە، بارودۆخی ئێستا دەکرێت هەم مەترسیی تێدابێت و هەم ببێتە زەمینەخۆشکەر بۆ دەرفەتی زۆر گرنگ.

لە باشووری کوردستانیش، نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر هەڵبژاردن ئەنجامدرا، بەڵام تا ئێستا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە. هەروەها هێشتا ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە نێوان لایەنە سەرەکییەکاندا نەکراوە. پێویستە سەرنج بدرێت کە دەستکەوتەکانی ئێستای باشووری کوردستانیش بنبڕ و هەمیشەیی نین و لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکەدا، لەبەردەم تەحەدای جۆراوجۆردان.

لەەم چوارچێوەیەدا، پرۆسەی ئێستای باکووری کوردستان بۆ تەواوی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. وەک دەزانن، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٥ حکومەتی تورکیا بە پاڵپشتیی ناتۆ، عێراق و هەندێک لایەنی کوردی، هەوڵیدا لە ڕێگەی ڕێوشوێنی ئەمنی و سەربازییەوە پەکەکە (PKK) لاواز بکات. ئەو قۆناغە وێڕای پێکدادانی بەربڵاو، باج و تێچوویەکی قورسی لێکەوتەوە. بەڵام حکومەتی تورکیا نەیتوانی لە ڕێگەی کەرەستەی سەربازییەوە بگاتە ئامانجەکانی.

لەەم نێوەندەدا، بەرخۆدانی ناو زیندانی ئیمراڵی و هەروەها خۆڕاگریی هێزەکانی پەکەکە ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەردەوامیی ئەم پرۆسەیەدا گێڕا. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەمڕۆ دووبارە باسی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی سیاسی هاتووەتەوە کارنامەی گفتوگۆکانەوە.

هەوڵەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گرنگییەکی تایبەتیان هەیە

لەەم پرۆسەیەدا، هەوڵەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بایەخێکی زۆریان هەیە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: «من دەمەوێت پێگەیەک بۆ کورد لە ناوچەکەدا دروست بکەم.» مەبەست لێی ئەوەیە کە کورد هێشتا خاوەنی پێگەیەکی فەرمی و دانپێدانراو نییە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای سیاسەتی ئینکارکردنی ناسنامەی کورد دامەزراوە و تا ئەو کاتەی ئەم دۆخە نەگۆڕێت، دەستکەوتەکانی کورد لە ناوچەکەدا مسۆگەر نابن. بە بڕوای ئەو، پێکهاتەی ناوچەیی ئێستاش لەسەر ئەم بنەمایە دروستبووە و حکومەتی تورکیا لەم چوارچێوەیەدا ڕۆڵێکی دیاری هەیە. هەروەها کاریگەریی تورکیا لەسەر سیاسەتی ئەوروپا و وڵاتانی تریش بەرچاوە و ئەم بابەتە بە بەردەوامی کاریگەریی لەسەر داخوازییە سیاسییەکانی کورد هەیە.

ئەو پێیوایە ئەگەر کورد لە تورکیادا بە فەرمی دانی پێدا بنرێت و مافەکانی لە چوارچێوەی یاساکانی کۆماری تورکیادا مسۆگەر بکرێن، پێکهاتەی سیاسیی سەد ساڵی ڕابردوو گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بە بڕوای ئەو، وەرچەرخانێکی لەو شێوەیە دەتوانێت زەمینە بۆ دەرفەتی نوێ بۆ کورد لە ناوچەکەدا بڕەخسێنێت و یارمەتیدەر بێت لە جێگیرکردنی دەستکەوتەکانیاندا. لەبەر ئەوە، هەوڵەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی بۆ دانپێدانی فەرمی بە کورد لە چوارچێوەی کۆماری تورکیادا، وەک هەوڵێک لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد هەڵدەسەنگێندرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوون نییە کە ئەم هەوڵانە تا چەند دەگەنە ئەنجام و حکومەتی تورکیا تا چەند وەڵامی ئەرێنییان دەداتەوە. بە بڕوای ئەو، سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا تا ئێستا لەسەر بنەمای ئینکارکردنی مافەکانی کورد بووە و بۆ گەیشتن بە ڕێگاچارە، پێویستە ئەم ڕوانگەیە بگۆڕێت. تا ئەو کاتەی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە ڕوونەدات، پێشڕەوی لە چارەسەرکردنی ئەم پرسەدا کارێکی قورس دەبێت. لەبەر ئەم هۆکارە، لە ڕوانگەی ئەوەوە، پێویستە تەواوی لایەنە کوردییەکان پاڵپشتی لەم پرۆسەیە بکەن؛ چونکە ئەم بابەتە بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندیی گشتیی کورد و پرۆسەی دیموکراتیزەبوونەوە.

دەستەی سەرۆکایەتیی بەڕێز، ئەندامانی خۆشەویست

ئاشکرایە کە لە قۆناغێکی ئاسایی و باودا نین. بارودۆخی ئێستا بۆ کوردستان و تەواوی گەلانی ناوچەکە، بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسساز دادەنرێت. لەو پرۆسەیەی لەپێشمانە، دۆخی کورد و داهاتووی ناوچەکە زیاتر لە ڕابردوو ڕوون دەبێتەوە. لەبەر ئەمەش، لە وێستگەیەکی مێژوویی گرنگداین. لە کاتێکدا گۆڕانکارییەکانی نێو جەنگ و قەیرانەکانی ئێستا دەتوانن ببنە هۆی دووبارە پێناسەکردنەوەی پێکهاتەی ناوچەکە، هێشتا دیار نییە پێگەی کورد و کوردستان لەم پرۆسەیەدا چۆن دەبێت. هەروەها ڕێگری و دژایەتی لە لایەن حکومەتی تورکیا و هەندێک لایەنی هاوپەیمانییەوە بوونی هەیە.

لەسەر ئەم بنەمایە، بە بڕوای ئێمە گرنگترین پێداویستیی ئەمڕۆی کورد، گەیشتنە بە یەکێتیی نەتەوەیی. عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش چالاکییەکانی پەیوەست بە گەشەپێدانی یەکێتیی دیموکراتیی کورد لەم قۆناغەدا بە زۆر گرنگ و بنەڕەتی دادەنێت و بە پێویستییەکی حەیاتی دەزانێت. ئێمەش لەو باوەڕەداین کە لەم قۆناغە مێژووییەدا، کورد لە هەر کاتێکی تر زیاتر پێویستی بە یەکێتیی نەتەوەیی و ستراتیژییەکی هاوبەش هەیە. بۆ سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی بەردەممان و گەیشتن بە پێگەیەکی گونجاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، داڕشتنی ستراتیژییەکی هاوبەش بایەخێکی باڵای هەیە.

ئامانجی بنەڕەتیی KNK یەکێتیی نەتەوەییە

لەەم چوارچێوەیەدا، گرنگیی چالاکییەکانی KNK و ئەو ڕۆڵەی گرتوویەتیە ئەستۆ، زیاتر لە ڕابردوو دەرکەوتووە. وەک دەزانین، ئامانجی سەرەکیی KNK بەهێزکردنی یەکێتیی نەتەوەییە و ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بەو یەکێتییە هەیە. لەبەر ئەم هۆکارەش، بەرپرسیارێتیی KNK قورستر بووە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) ئێستا بیست و حەوتەمین ساڵی چالاکیی خۆی بەڕێ دەکات. لەم ماوەیەدا هەوڵێکی بەرچاو بۆ فراوانکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و بەهێزکردنی گیانی هاوپشتی دراوە و ئەم دامەزراوەیە پێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی دروستکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، وا پێدەچێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامی بەرجەستەتر و کاریگەرتر، بەکارهێنانی ڕێگا تەقلیدی و کۆنەکان بەس نەبێت. لەبەر ئەوە، ئێمە پێمانوایە سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و نوێکردنەوەی پێکهاتە و شێوازی چالاکییەکانی KNK پێویستییەکی گرنگە.

دۆستانی ئازیز

لە ڕێگەی یەکێتیی نەتەوەییدا، هەماهەنگی لە بوارەکانی بەرگری و پەرەپێدانی دیپلۆماسیی هاوبەش، ئامانجی گرنگ و بەهادارن و پێویستە لە ڕیزی ئامانجە ستراتیژییەکاندا بن. بەڵام، هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی دەستبەجێی ئەم ئامانجانە ڕەنگە ڕووبەڕووی ڕێگری ببێتەوە؛ چونکە هەندێک لایەن لە کوردستاندا نایانەوێت بکەونە ململانێ لەگەڵ حکومەتەکانی ناوچەکە و نیگەرانن لەدەستدانی توانای دیپلۆماسیی ئێستایان. لەبەر ئەم هۆکارە، بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە لە کورتماوەدا ئاسان نابێت و باشترە وەک ئامانجی ستراتیژیی درێژخایەن سەرنجیان بدرێتێ.

لە قۆناغی یەکەمدا، تیشک خستنە سەر هەنگاوی کرداریتر و جێبەجێکراو، بە پێویستتر دەزانرێت. ئەم هەنگاوانەش بریتین لە:

یەکەم: بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی. ئێمەش لەم بوارەدا هەندێک هەوڵمان داوە، بەڵام پێمانوایە ئەم پرۆسەیە پێویستە بە ڕۆڵگێڕانی بەربڵاوتری KNK بەردەوام بێت.

دووەم: داڕشتنی ستراتیژییەکی هاوبەشی کوردی و جووڵەی تەواوی لایەنەکان لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدا بە ڕوانگەیەکی دیموکراتیانە. بە بڕوای ئێمە، نابێت هیچ لایەنێک لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەدا هەڵوێستی نەرێنی بگرێتە بەر.

سێیەم: داڕشتن و پەسەندکردنی بەڵگەنامەیەکی نەتەوەیی لە نێوان ڕێکخراوە کوردییەکاندا، کە لەسەر ئەو بنەمایە هیچ هێزێکی کوردی دژی هێزێکی تری کوردی نەچێتە ناو چوارچێوەی شەڕەوە و چالاکیی سیخوڕی دژی یەکتر ئەنجام نەدرێت. ڕێگریکردن لە شەڕی ناوخۆیی و دوژمنکاریی نێوان هێزە کوردییەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لەبەر ئەوە، ڕێککەوتن لەسەر بەڵگەنامەیەکی لەو شێوەیە دەکرێت هەنگاوێکی زۆر گرنگ بێت.

ئەمانە لەو بابەتانەن کە ئەگەری بەدیهێنانیان هەیە و پێویستە لە پێشینەی کارەکان بن. بێگومان دۆسیەی تریش دەتوانن لە کارنامەکەدا بن، بەڵام گەشەپێدانی یەکێتیی دیموکراتیی کورد لەسەر بنەمای ئەم بنەمایانە، وەک پێداویستییەکی سەرەکی ئەژمار دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی دەکرێت ئەنجامی گرنگ بەدوای خۆیدا بهێنێت. لە سەرەتادا پێویستە تیشک بخرێتە سەر ئەو ئامانجانەی کە هەم پێویستن و هەم دەکرێت بەدی بهێنرێن، پاشان بابەتەکانی تر قۆناغ بە قۆناغ بخرێنە ناو بەرنامەی کارەوە.

ئەندامانی خۆشەویست

سەبارەت بە چالاکییە ڕێکخراوەییەکانی KNK، لەو باوەڕەداین کە کۆمەڵەی گشتی گفتوگۆی تێروتەسەل لەم بوارەدا ئەنجام دەدات. ئەگەرچی ئێمە لەم بوارەدا خۆمان بە هاوسەنگی ئێوە لە خاوەنڕایەتی نازانین، بەڵام ڕوانگەی تایبەتی خۆشمان هەیە.

گرنگترین بابەت، سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و نوێکردنەوەیە

بێگومان، گرنگترین بابەت سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و نوێکردنەوەیە، لەم چوارچێوەیەشدا پێویستە KNK پێداچوونەوە بە شێوازی کارەکانی خۆیدا بکات. بۆ نموونە، نابێت ئەم دامەزراوەیە تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندی لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا سنووردار بێت، بەڵکو پێویستە پەیوەندیی بەربڵاوتر لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دروست بکات. هەروەها پێویستە لەگەڵ تەواوی میدیاکانی کوردستاندا لە پەیوەندیدا بێت و بۆ دروستکردنی ڕای گشتیی کاریگەر، چالاکیی بەربڵاوی کولتووری و کۆمەڵایەتی ئەنجام بدات.

هەروەها گونجاوە کە هەر بەشێکی کوردستان خاوەنی نووسینگە یان نوێنەرایەتیی چالاکی خۆی بێت و چالاکییەکانی لە ناوخۆی ناوچەکەدا پێوشوێن بکرێت. ئەگەر دروستکردنی نووسینگەی فەرمی نەگونجاو بێت، لانیکەم دەکرێت لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکانەوە ئەم چالاکییانە بەردەوام بن.

چالاکیی کۆمیسیۆنەکانی پەیوەست بە زمان، کولتوور، ژینگە و مافەکانی ژنانیش گرنگیی خۆی هەیە. لە هەمان کاتدا، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی پرۆسەکانی تواندنەوەی کولتووری و زمانییە (ئەسیمیلاسیۆن) لە کوردستان و شوێنەکانی تری جیهان. بە بڕوای ئێمە، زمان و زاراوەکانی کوردی لەبەردەم فشار و تەحەدای جدیدان و پێویستە بۆ پاراستن و بەهێزکردنیان هەوڵی زیاتر بدرێت.

لەەم چوارچێوەیەدا، بەهێزکردنی هاوپشتیی نەتەوەیی و یەکێتیی دیموکراتیی کورد بایەخێکی زۆری هەیە و بەدیهێنانی پێویستی بە چالاکیی بەربڵاوتر و کاریگەرترە. KNK دەتوانێت لەم بوارەدا ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت.

ئێمە لەو باوەڕەداین کە کۆمەڵەی گشتیی بەڕێز لەسەر ئەم بابەتانە و پرسە هاوشێوەکانی گفتوگۆی گرنگ ئەنجام دەدات و لەم قۆناغە مێژووییەدا، ڕۆڵی دەبێت لە هاوێشتنی هەنگاوی نوێ بۆ گەشەپێدانی یەکێتیی دیموکراتیی کورد. ئەو بڕیار و ڕوانگانەی کە لە کۆمەڵەی گشتیدا پەسەند و ڕوون دەکرێنەوە، بێگومان ئەنجام و دەرئەنجامی گرنگیان دەبێت.

بەم دیدگایەوە، بارودۆخەکە دەنرخێنین و دووبارە گەرمترین سڵاوی خۆمان ئاڕاستەی تەواوی ئەندامانی کۆمەڵەی گشتی دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە بەردەوامیی چالاکییەکانتاندا.»

News ID 227295

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha