کوردپرێس: بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی «ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ» بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦، دوو فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی ڕووسیا لە بنکەی ئاسمانیی «حمیمیم» لە دەوروبەری لازقییە نیشتوونەتەوە. ئەم جموجۆڵە هاوکات بووە لەگەڵ گەیشتنی کاروانێکی سەربازیی ڕووسیا بۆ هەمان بنکە، کە پێشتر لە بنکەی دەریایی «تەرتووس»ەوە بەرەو حمیمیم بەڕێکەوتبوو.
بەوتەی سەرچاوە چاودێرەکان لە مەیدانی ڕووداوەکان، بەشێک لەو کاروانە هەر لە هەمان ڕۆژدا لە بنکەی حمیمیمەوە بەرەو تەرتووس بەڕێکرابوو، پاش ئەنجامدانی چەند ئەرکێکی دیاریکراو، دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ حمیمیم. ئەم هاتوچۆیانە وەک بەشێک لە گۆڕانکارییە لۆجیستییەکان لە نێوان دوو بنکە سەرەکییەکەی ڕووسیا لە سووریا لێک دەدرێتەوە.
ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە ئەمریکا لە ناوەڕاستی نیسانی ٢٠٢٦ کۆتا هێزە سەرەکییەکانی خۆی لە سووریا کشاندووەتەوە و بەمەش کۆتایی بە بوونی سەربازیی نزیکەی دەیەیەکەی خۆی لەو وڵاتە هێناوە.
چاودێران پێیان وایە، ئەو بۆشاییەی بەهۆی کشانەوەی ئەمریکا دروست بووە، دەکرێت زەمینەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ئەکتەرەکانی دیکەی وەک ڕووسیا، ئێران و تورکیا ڕۆڵی زیاتر لە هاوکێشەکانی سووریادا ببینن. ڕووسیا لە ئێستادا بنکەی ئاسمانیی حمیمیم و بنکەی دەریایی تەرتووس وەک دوو بنکەی ستراتیژیی خۆی لە سووریا پاراستووە.
Your Comment