هەموو لایەنەکان لەبارەی ئیدیعای ناردنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە هەڵوێستی خۆیان ڕابگەیێنن

لەتیف نێروەیی، بەرپرسی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی ئیدیعای سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناردنی چەک بە لایەنێکی کوردی لە گەرمەی نائارمییەکانی کانوونی دووەمدا، وتی: ئێمە بەڕوونی ئەم پرسەمان بۆ لایەنە ناوخۆیی بیانی ڕوون کردۆتەوە کە نە چەکمان وەرگرتوو و نە چارەنووسی چەکەکان دەزانین و داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەبارەی ئیدیعای ناردنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە هەڵوێستی ڕەسمیی خۆیان ڕابگەیەنن تا پرسەکە بۆ ڕای گشتی ڕوون ببێتەوە.

کوردپرێس: هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی تەنشە سەربازییەکان، ئیدیعایەکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر فەزای میدیایی و سیاسی ناوچەکە دانا؛ بانگەشەیەک کە دەڵێت ئەمریکا چەک و تەقەمەنی بە «کوردەکان» داوە کە چارەنووسی ئەو چەکانەش دیار نییە. ئەم بانگەشەیە کە لانی کەم دوو جار لە تریبۆنی فەرمیی کۆشکی سپی باسکرا، خێرا بە وەڵامدانەوەیەکی فراوان لەلایەن ڕێکخراو و لاپەڕە سیاسییە کوردییەکان و تەنانەت هەندێک گرووپی کوردی دژ بە ئێرانیش وەڵام درایەوە، و زۆربەیان بە شێوەیەکی توند هەر جۆرە وەرگرتنی ئەم جۆرە چەکەیان ڕەتکردەوە و بە فەرمی ڕاگەیاند کە بەشێک نابن لە هیچ پڕۆژەیەکی هێرشی زەوینی بۆسەر ئێران.

لە هەمان چوارچێوەدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ڕوونی ڕاگەیاند کە ئەم پارتە هیچ جۆرە چەکێکی لە ئەمریکا وەرنەگرتووە و ئەم جۆرە بانگەشانە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە. سەرەڕای ئەم ڕەتکردنەوانە، گومان و نادیاری لەسەر سەرچاوە و چارەنووسی ئەم چەکانەی بانگەشەکراو هێشتا وەک پرسیارێکی کراوە لە فەزای سیاسی و میدیایی ماوەتەوە؛ بە تایبەتی کاتێک کە باسکردنی ئەم بابەتە لە کاتی حەساسی شەڕ و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و بە تایبەتی لە ناوخۆی ئێراندا، ئالۆزییە ئەمنی و سیاسییەکانی زیاتر کردووە.

لە وەها دۆخ و فەزایەکدا، ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس لە گفتوگۆ لەگەڵ لەتیف نێروەیی، بەرپرسی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەوڵی داوە ڕەهەندەکانی ئەم بانگەشەیە ڕوون بکاتەوە.

سەبارەت بە وەڵامەکەی بافڵ تاڵەبانی کە ڕایگەیاندووە کە هیچ چەکێک لای یەکێتی نییە یان هیچ چەکێکمان وەرنەگرتووە، لەتیف نێروەیی بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەمە هەڵوێستی یەکێتییە کە هەڵوێستێکی ڕاشکاوانە بووە و بە ڕای گشتیی نێودەوڵەتی و بە ڕای گشتیی ئیقلیمی و بە ڕای گشتیی ناوخۆی ڕاگەیاندووە کە ئێمە نە ئاگاداری چەکەکانین و نە هیچ چەکێکمان وەرگرتووە و ئاگاداری لایەنەکانی دیمە نین و نازانین ئایا لایەنێک چەکی وەرگرتووە یان نا؛ بەڵام وەکوو سنووری سلێمانی هیچ چەکێک نەهاتۆتە سلێمانی وە هیچ چەکێکمان وەرنەگرتووە.

بەرپرسی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتیشی: ئەمە ڕووداوێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو کاتێک کە سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند چەکەکان کەوتوونەتە دەست گرووپێکەوە، بۆیە گرنگە هەر لایەنێک هەڵوێستی ڕەسمیی خۆی ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی کە وەکوو وتم بۆ ڕاگشتیی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیش.

ناوبراو جەختی کردەوە: لەبەر ئەمەش ئەو پەیامەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕای گشتی زۆر گرنگ بوو چوونکە هەموو لایەنەکان و میدیا و نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری چاوەڕوانی ئەوە بوون کە هەر لایەنێک بە چ شێوازێک وەڵامی ئەوە دەداتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێدا کە چەکەکانیان دزراون و دیار نەماون و تەسلیمی لایەنێک کراون.

News ID 227039

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha