سووریا لەبەردەم مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێدایە

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر هۆشداری ده‌دات لە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە سووریا لە نێوان بەردەوامی گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ڕوناهی، رایگه‌یاند: زۆرێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ۲۹ی ۱ی ۲۰۲۶ که‌ له‌ نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و حکوومەتی کاتیی سووریا سەبارەت بە دۆخی سووریا هێشتا جێبەجێ نەکراون، "ڕێککەوتنەکە بڕگەی سیاسی و کارگێڕی و ئەمنی لەخۆگرتوە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی سەقامگیری و دروستکردنی متمانەیە لە نێوان لایەنەکاندا، بەڵام جێبەجێکردنی هێشتا ڕوبەڕوی چەندین ئاستەنگی دەبێتەوە".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردوه‌، "ئەو وتارە ڕقاویانەی کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە پەسەندکراون ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن، جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکان بە بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعی دەزانن کە پێویستی بە هۆشیاری سیاسی و هاوکاری کۆمەڵگا هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان".

سەبارەت بە کاروباری سەربازی، ئیلهام ئەحمەد ڕوونیکردەوە، کارکردن بەردەوامە بۆ دوبارە داڕشتنەوەی لیواکان و ڕێکخستنەوەی هەیکەلی سەربازی، ئەوەش لە چوارچێوەی هەنگاوەکان بە ئامانجی داڕشتنەوەی دوبارە و پتەوکردنی ئاسایش لە ناوچە پەیوەندیدارەکان.

هەروەها باسی لە پرسی بەشداری ژنان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە نوێنەرایەتی ژنان لە دامودەزگا کاتییەکانی حکوومەتدا سنووردارە، جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئیداری و سەربازیدا کردەوە، بۆ ئەوەی وەک مۆدێلێک بێت کە ڕەنگدانەوەی بنەماکانی هاوبەشی و یەکسانی بێت.

په‌یوه‌ست به‌ پرسی ئاواره‌کان، ئیلهام ئەحمەد جەختی لە گرنگی دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیر کردەوە کە گەرەنتی گەڕانەوەی شکۆمەندانە و بەردەوام بکات، کە هەندێک لایەن کە بونی کورد بە مەترسی دەزانن، ڕێگری لە ڕێگەی چارەسەری دەکەن، جەختیشی کردەوە کە یەکێک لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی هەر نیشتەجێبونێک ئەوەیە کە کورد لەسەر خاکی خۆی بە ناسنامە و مافی تەواوی خۆی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بژی.

ئیلهام ئەحمەد ڕوونیشیکرده‌وه‌، هەڕەشە بەردەوامەکان لە دژی کورد ئامانجیان ڕێگریکردنە لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی، هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی ئەم ڕێبازە دەتوانێت ناوچەکە بەرەو پەرەسەندنی نوێ پاڵ بنێت.

هاوکات هۆشداریدا لە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە سووریا لە نێوان بەردەوامی گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، جەختی لەوەکردەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە بەهێزکردنی گیانی یەکڕیزی و هەماهەنگی و سەرهەڵدانی هاوپەیمانی بەرپرسیارانە هەیە کە پشتیوانی لە چارەسەرێکی سیاسی هەمەلایەنە دەکەن.

News ID 226890

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha