ئەمریکا پشتگیری لە خۆبەڕێوەبەری سنوورداری کورد لە سووریا دەکات

ئەمریكا دەخوازێت كوردەكانی سووریا جۆرێک لە ئۆتۆنۆمیان هەبێت بەڵام نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی ناوەندی سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ڕۆژئاواییەوە رایگەیاندووە: ئەمریکا داوای لە ئەحمەد شەرع،  سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا کردووە،  ئەوپەڕی نەرمی نیشان بدات لە مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات.
ئەو بەرپرسە کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، جەختی لەوە کردەوە، واشنتۆن ڕازییە بەو پێشکەوتنانەی لە پرۆسەی ئێستای یەکگرتنەوەدا بەدەست هاتوون، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە ۲۹ی كانوونی یەكەم واژۆ کراوە.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو داوایەی ئەمریکا لە چوارچێوەی خواستی واشنتۆنەوە سەرچاوە دەگرێت کە پلەیەک لە ئۆتۆنۆمی بە کورد لەناو دەوڵەتی سووریادا بدرێت، بەبێ ئەوەی ئەمە ببێتە هەڕەشە لەسەر پێویستی بنەڕەتی بوونی دەسەڵاتێكی ناوەندی لە دیمەشق.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی حکوومی و کەسایەتییە کوردەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە: هێشتا کێشە سەرەکییەکانی دێککەوتنەکە یەکلایی نەکراونەتەوە، دیارترینیان، میکانیزمی تێکەڵکردنی شەڕڤانانی هەسەدە لە دامەزراوە سەربازییەکان و چارەنووسی چەکە قورسەكان و رێوشوێنەكانی پەیوەست بە دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ عێراق، کە بە شادەمارێكی ئابووری گرنگ دادەنرێت بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.

News ID 226859

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha