بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی ڕاگەیاندراوی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK) لە ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی دەستگیر کردنی ئۆجەلان بەمشێوەیە:
٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی دیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆیە کە لە ١٥ـی شووباتی ١٩٩٩ ئەنجام درا. بە توندی شەرمەزاری هەموو ئەو دەوڵەت و هێزە سیاسییانە دەکەین کە دەستیان هەبوو لەم پیلانگێڕییەدا و دووپاتی دەکەینەوە تا ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ لە دژی ئەم پیلانگێڕییە تێدەکۆشین. بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی 'ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەین" دەکەینەوە، کە بوون بە پێشەنگی تێکۆشان لە دژی پیلانگێرییەکە. بوون بە ڕێگر، بناغە و ئافرێنەری تێکۆشانمان بۆ بە ئامانج نەگەیشتنی پیلانگێڕییەکە و لەو ساتەوە بوونە ڕێگە و بەهای مۆراڵی تێکۆشانمان.
ڕێبەر ئاپۆ هەر لە یەکەم ساتەوە تا ئێستا هەوڵدان و قوڵبوونەوەی بێهاوتای دەست پێکرد بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلانگێڕییەکە. بۆ بەتاڵکردنەوەی پیلانگێڕییەکە و بەهیزکردنی تەڤگەری ئازادیمان لە ناو بارودۆخی زینداندا بە ڕۆڵی خۆی هەستا؛ کارێکی کرد کە تەڤگەر و گەلەکەمان تێکۆشانێکی بەهێزتر بەڕێوەبەرن. بە ڕێز و شکۆوە سڵاو لە ڕێبەرمان دەکەین کە ٢٧ ساڵە لە بەرانبەر پیلانگێرییەکە بەرخۆدانێکی مەزن بەڕێوەدەبات.
پیلانگێری نێونەتەوەیی لە دژی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەنجام درا کە ڕێبەر ئاپۆ ئەو سەردەمە لەسەر بنەمای ئازادیی گەلی کورد و خوشک-برایەتی گەلان ویستی دایهێنێت. لەبەرئەوەی هێزە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان ڕۆژهەڵاتێکی ناوینی لەوجۆرەیان داڕشتبووەوە کە خۆی سپاردبوو بە ڕاگڕتنی کوردان لە ژێر چەوساندنەوە و قڕکردنیان. لە ڕۆژهەڵاتێکی ناوینی لەم جۆرەدا بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینییەوە.
هێزە نێونەتەوەییەکان لەڕێگەی هاوکارەکانیانەوە ڕۆژهەڵاتی ناوینیان کۆنترۆڵ دەکرد. ڕێبەر ئاپۆ بە پارادایمەکانییەوە کە وابەستەی چارەسەری پرسی کورد و خوشک-برایەتیی گەلانە، کۆتایی بەو سیستەمە هێنا کە پشتی بە هاوکاری و نۆکەری دەبەست لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. لەبەرئەوەی دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە چارەسەرکردنی پرسی کورددا تێپەڕ دەبوو. لاوازکردنی هاوکاری و ڕێگەکردنەوە بۆ دیموکراتیزەکردن، بەمانای شکانی پایەکانی هێزە هەژموونگەرەکان دەهات لە هەرێمەکەدا. جا بۆیە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەیان وەک ئاستنەگییەک دەبینی لە پێش هەژموونگەرییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. خواستیان بوو بە لەنابردنی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە ئەم ئاستەنگییەی پێشیان ڕاماڵن. بوونی سیستەمێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە پشت ببەستێت بە هاوکاری و نۆکەری بەلایەنەوە گرنگ بوو. ئەم پیلانگێڕییە هاوکات لە دژی هێڵی ئازادیی ژن سەرپێخرا کە وەک پردی پەڕینەوەیە لە پەرەدان بە دیموکراسی و ئازادی. چونکە هێز هەژموونگەری پیاوسالاری، ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن وەک مەترسییەک بۆسەر سیستەمە پیاوسالارییەکەیان دەبینییەوە. بێگومان تێکشکاندنی پەکەکە کە لەناو کورداندا کاریگەرە یەکێک بوو لە ئامانجە بنەڕەتییەکانیان.
هێزە هەژموونگەرەکان لە پیلانڕێژی ئەوەدابوون بە بێکاریگەریکردنی ڕێبەر ئاپۆ و لەناوبردنی تەڤگەری ئازادیی دەتوانن بگەن بە ئامانجەکانیان، بەم هۆیە چەندین وڵاتیان بەشداری پیلانگێڕییەکە کرد کە لە مێژوودا نموونەی نییە و هێرشێکی وایان لەدژی ڕێبەر ئاپۆ خستەگۆڕێ کە هیچ جێگەیەک نەمێنێتەوە بۆی بڕوات. ئەنجامدانی پیلانگێڕییەکەی لەم شێوەیەیە دەریخست چەندە لە فیکر، ئایدۆلۆژیا و هێڵی سیاسیی ڕێبەر ئاپۆ دەترسن. ڕێبەر ئاپۆ لە پیلانگێڕییەکەی لەم شێوەیەدا لە ١٥ـی شووباتی ١٩٩٩ بە دیل گیرا و خستیانە زیندانی تاکەکەسی ئیمراڵییەوە.
لە پرۆسەی پیلانگێڕییەکەدا کە لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ـەوە دەستپێکرا و تا ١٥ـی شووباتی ١٩٩٩ بە بەدیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆ درێژەی هەبوو، بە پێشەنگایەتی چالاکییەکانی 'ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن' گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک ڕاپەڕییە سەرپێ. لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلەکەمان لە دژی هەموو جۆرە گوشارێک وەستایەوە و لە دژی پیلانگێڕی نێونەوەتەوەیی بووە ڕێگر. هەروەها گەلەکەمان هەرگیز لە ئەورووپا نەسرەوت و لە پرۆسەی پیلانگێڕییەکەدا و دوای ١٥ـی شووبات لە بەرەنگارییدا بوو، لە بەرانبەر پیلانگێڕییدا ئافراندنی ڕۆحی بەرۆخۆداندا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا.
ئەوانەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان بەڕێوەبرد، ئامانجیان بوو کە بە بەدیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەری دروستبکەن، پەکەکە تەسفیە بکەن و گەلەکەمان لە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە داببڕن. بەڵام پەکەکە بە ڕوحی بەرخۆدانی 'ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن' زیاتر لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بوو، گەلەکەشمان لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە کۆبووەوە و لە دژی پیلانگێڕان هەڵوێستێکی مێژوویی نیشاندا. گەلی کورد لە چوار بەشی کوردستان خاوەندارێتی لە ڕێبەرمان کرد کە ئەمە نموونەی لە مێژوودا نییە. وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا مادلێن ئۆڵبرایت بە گوتنی 'چاوەڕوانیی مامەڵەیەک نەبووین لەم ئاستەدا' باسی لە ڕاستیی خاوەندارێتیکردنی گەلەکەمان لە ڕێبەرێتی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کردبوو.
ڕێبەر ئاپۆ لەناو هەلومەرجی بەدیلگرتنی ئیمراڵیدا گوتی، پیلانگێڕییە مێژووییەکان ناتوانن پێشکەوتنەکان ڕابگرن، بەڵکوو خێرای دەکەن و گەورەترین نموونەی بەرخۆدانی زیندانی نیشاندا. ڕێبەر ئاپۆ بە بەرخۆدانی ٢٧ ساڵەی زیندان بەهێزتر بوو، گەشەی کرد و بووە ڕێبەری ئازادیی ژنان و تەواوی مرۆڤایەتی. ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی ئەم ٢٧ ساڵەدا عەقڵی کوردی ئافراند. بە شیکاری لەسەر مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیست و ڕەخنە لە سۆسیالیزمی بنیاتنراو، هێڵی سۆسیالیزمی دیموکراتیک و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی کردە دیاری بۆ مرۆڤایەتی کە تەواوی مرۆڤایەتی ڕزگاردەکات. بەم شێوەیە لە دۆخێکی وادا کە مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیست قەیرانی گەورەی بەرهەمهێناوە، ئایدۆلۆژیای ڕزگاری پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد. پێشەنگایەتیی ئەم ئایدۆلۆژیای ڕزگارییەی کرد و ڕێبەرێتیی خۆی لە تەواوی جیهان بڵاوکردەوە. سەدەی ٢١ بە ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ڕێبەرێتی دەبێتە سەدەی ئازادی و دیموکراسیی مرۆڤایەتی. لە ئافراندنی ئەم سەدەیەدا تێکۆشانی ئازادیی ژن ڕۆڵێکی پێشەنگایەتی دەگێڕێت.
پیلانگێڕییەکە لە ئاستێکی گرنگدا پووچەڵکراوەتەوە، بەڵام بە تەواوی لەناونەبراوە و کۆتایی پێ نەهێنراوە. هەر خۆی دوای ڕێککەوتننامەی پاریس لە ٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـدا، هێرشی ٦ـی کانوونی دووەم بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب کە گەڕەکی کوردین، بووە دووەم پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی. لەو جوگرافیایەی کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٩٩٨ دەستی پێ کرد، پیلانگێڕییەکە نوێکرایەوە و هێرشەکە دەستی پێ کرد. وەک چۆن پیلانگێڕیی ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩ لە کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆدا هێرش بوو بۆ قڕکردنی کورد، ئەو هێرشەشی کە لە ٦ـی کانوونی دووەمدا دەستی پێ کرا، هێرشێک بۆ سەر پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ، سیستەمی دیموکراتیک و ئەو دەستکەوتانەیە کە ئافراندوونی. لە هەمان کاتدا هێرشێکە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە شەڕی ئایینی و ئەتنیکی هیلاکبووە، بە چارەسەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە پشت بە نەتەوەی دیموکراتیک دەبەستێت، ویستی کۆتایی بەم شەڕە بێکۆتاییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت. ئەم پارادایمەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ کەموکوڕییەکان لە ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیستەمێکی دیموکراتیکی نموونەی ئافراند. دەسەڵاتی کاتی لە دیمەشق و چەتەکانی سەر بەو، بە پشتیوانیی هێزە نێونەتەوەییەکان و دەوڵەتی تورک هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەوڵیاندا کە ئەو سیستەمی دیموکراتیکەی کە دەبێتە مۆدێلی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پشت بە نەتەوەی دیموکراتیک دەبەستێت، لەناو ببەن. بەم شێوەیە گورز لە سیستەمی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا درا، ئەو سیستەمە دیموکراتیکەی کە پشت بە نەتەوەی دیموکراتیک دەبەستێت، کشایەوە ناو سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. بەم شێوەیە ئەم پیلانگێڕییە بۆ قڕکردن و هێرشەکان بۆ سەر ئازادی و بوونی کورد وەکو ساڵی ١٩٩٩ بووە هێرشێک بۆ سەر ئەو سیستەمی دیموکراتیکەی کە دەخوازرا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابمەزرێت. هێرشکردنە سەر دیموکراتیکبوون لە بنەڕەتدا، هێرشکردنە بۆ سەر بوونی کورد و ژیانی ئازاد، هەر بۆیە ئەم پیلانگێڕییە نێونەتەوەییە هێرشێکە دژی بوونی کورد، دەستکەوتەکانی کورد لە ناوچەکە و بەها هاوبەشەکانی گەلان.
گەلی کورد لە دژی ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەی کە ٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دەستی پێ کرد، ئامانجەکانی بە نەرێنی بینی و لە چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات هەستایە سەر پێ. بە هەمان شێوە بینی کە ئەم پیلانگێڕییەش هێرشێکە بۆ سەر بوون، ژیانی دیموکراتیک و ئازادی کوردان، هەر بۆیە لە هەموو شوێنێک هەڵستایە سەر پێ. هاوشێوەی ناڕازیبوونی ساڵی ١٩٩٩ لە دژی پیلانگێڕییەکە، هەمان ناڕازیبوون لە سەرهەڵدانەکانی پاڵپشتیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستانیش نیشاندرا. ئەم خاوەندارێتیکردنە لە هەمان کاتدا خاوەندارێتیکردنە لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و ژیانی دیموکراتیک و ئازادی گەلی کورد. خاوەندارێتیکردن لە دەستکەوتەکانە کە بە تێکۆشانی دەیان ساڵە لە چوار بەشی کوردستان ئافرێنران. ئەوە بینرا کە لە کەسایەتیی ڕۆژئاوادا دژی تەواوی گەلی کورد و دەستکەوتەکانە. خاوەندارێتیکردن لە ڕۆژئاوا، هەمان ئەو خاوەندارێتییە بەرفراوانترە بوو کە لە ساڵی ١٩٩٩ لە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە کرا. هێرشکردنە سەر شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە، ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا پیلانگێڕییەکە بۆ سەر دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئازادیی گەلی کورد. ئێمە پیرۆزبایی لە گەلەکەمان و هێزە دیموکراسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان دەکەین کە لە دژی ئەم پیلانگێڕییە هەڵستاوەتە سەر پێ. پێویستە بزانرێت کە پیلانگێڕییەکە بەردەوامە و بەم تێگەیشتنە ئەم خاوەندارێتیکردنە درێژەی پێ دەدرێت و ئامانجی پیلانگێڕییەکە بە تەواوی تێکدەدرێت.
لە ساڵیادی ٢٧ـهەمینی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا بانگەواز لە گەلەکەمان و هەموو گەلانمان دەکەین کە بە درووشمی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، ستاتۆ بۆ ڕۆژئاوا هەڵستنە سەر پێ. دووبارەی دەکەینەوە کە تێکۆشانان دژی پیلانگێڕییەکە تا کۆتایی درێژە پێ دەدەین و ئامانجمان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستان دەهێنینە دی.
Your Comment