ئۆجەلان نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە سووریا دەربڕی

ڕێبه‌ری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لەبارەی ڕووداوه‌کانی سووریاوە رایگه‌یاند، ئەو ڕووداوانەی لە سووریا ڕووده‌ده‌ن هەوڵدانە بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی لە ئیمڕاڵی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا باسی له‌وه‌کردوه‌: "رۆژی شه‌ممه‌ (۱۷ی کانونی دووەمی ۲۰۲۶) لە ئیمڕاڵی کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا، کە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاند، لە میانی دیدارەکەدا، بەڕێز ئۆجەلان پابەندبوونی خۆی بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دووپاتکردەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردوه‌، ئۆجه‌لان وتویه‌تی: "دیدگای ۲۷ی شوباتی ۲۰۲۵ هەر بە دروستی ماوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا گرنگیی گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پێشخستنی پڕۆسەکە دووپاتکردەوە".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: "سەرنجی سەرەکی کۆبوونەوەکە پێشهاتەکانی سووریا بوو، بەڕێز ئۆجەلان نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە ململانێکان و پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی و ئەوەی بەهەولێک ناوبرد بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، بە توندی جەختی لەوە کردەوە، کێشەکانی سووریا تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و لۆژیکی دروستەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن".

شاندی ده‌م پارتی ئیمڕاڵی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ده‌ڵێت: ئۆجه‌لان "ئامادەیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێ کردنی بەرپرسیارێتیەکانی بۆ دڵنیابوون لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە ڕێگەی گفتوگۆو دوورکەوتنەوە لە ململانێ، داواشی لە هەموو لایەنە چالاکەکان ڕۆڵی ئەرێنی خۆیان بگێڕن و بەرپرسیارانە و جددی لەم بوارەدا مامەڵە بکەن".

News ID 226753

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha