بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حیکمهت هەجەری، ڕێبەری دروزەکان لە پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا ڕایگەیاند: داواکاریی سەرەکیمان "سەربەخۆیی تەواوە،" بەڵام دەکرێت قۆناخێکی گواستنەوە هەبێت بە شێوەی خۆبەڕێوەبەری لەژێر چاودێریی "دەستەبەرێکی دەرەکی".
هەجەری دەشڵێت، "ئیسرائیل تاکە گەرەنتی و لایەنی رێگەپێدراوە بۆ رێکخستنەکان لە داهاتوودا".
ئەو رێبەرەی دروزەکان دەڵێت، پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل مێژووییە و بەستراوەتەوە بەو پەیوەندییە خێزانییانەی لەنێوان دروزەکانی سوەیدا و دروزەکانی جۆلان هەن، ئەمەش "پشتگیرییەکی راستەقینە" بۆ داواکارییەکانیان دابین دەکات.
هەجەری جەختی لەوە کردەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە "رژێمی دیمەشق"ەوە نییە و ئەو رژێمەی ئێستا بە "دڕندەتر" لەوەی پێشوو وەسف کرد و گوتی، "ئەم دەسەڵاتە درێژکراوەی راستەوخۆی رێکخراوی قاعیدەیە".
ناوبراو وتیشی: "دەسەڵاتی ئێستای سووریا، تەنیا هەوڵی لەنێوبردنی دروزەکان نادات، بەڵکوو هەر کەمینەیەک کە لەگەڵیاندا کۆک نەبێت".
رێبەری دروزەکان باسی لەوەش کرد، هەموو پێکهاتەکانی سووریا، بە عەلەوییەکانیشەوە، بەدەست تووندوتیژییەوە دەناڵێنن. هاوکات جەختی لە "بەردەوامیی پەیوەندییە ستراتیژییەکانیان لەگەڵ هێزە کوردییەکان" کردەوە و ستایشی ئەدای مەدەنی و ئەمنیی ئەوانی کرد.
حیکمهت هەجەری باسی لە "دابەشبوون و بونیادنانی خۆبەڕێوەبەری هاوشان لەگەڵ سەربەخۆیی" کرد و وتی: "ئەمە داهاتووە، بەم شێوەیە داهاتوویەکی باشتر بۆ کەمینەکان و سەقامگیریی ناوچەیی بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بونیاد دەنێین".
ئەو رێبەرەی دروزەکان وتی: "هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی پشتگیریی ئێمەی نەکرد، ئەوان لایەنگری بکوژیان کرد نەک قوربانی، میدیا عەرەبییەکانیش وێنەی ئێمەیان وەک نەوەکانی شەیتان نیشان دا".
هەجەری گوتیشی: "هیچ سەرکردەیەکی عەرەب سەرکۆنەی کۆمەڵکوژییەکانی نەکرد، تەنانەت هەندێک دەوڵەت بەشێوەیەکی راستەوخۆ تێوەگلاون لە پشتگیریکردنی ڕژێم، تورکیا لە سەرووی هەموویانەوەیە".
Your Comment