بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە بەیاننامەیێکدا سەبارەت بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، راگەیاند، "بە دڵنیاییەوە، ئەمە ئەرێنییە، کە پەکەکە ڕایگەیاندووە ڕێکخراوەکەیان هەڵدەوەشێننەوە". دەشڵێت، "بەڵام گرنگە ئەنجامەکەی کۆتاییهاتن بێت بە هەموو کارە تیرۆریستییەکان."
وەزارەتی دەرەوەی سوێد ئاماژەی بەوەش کرد: "پەکەکە لەلایەن سوێد و یەکێتیی ئەورووپاوە وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنکراوە. حکوومەتیش هەموو جۆرەکانی تیرۆریزم سەرکۆنە دەکات."
شایانی باسە ڕۆژی ۲۷ی شوباتی ۲۰۲۵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە رێگەی شاندی دەم پارتیی ئیمرالییەوە بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لە رۆژانی ۵ - ۷ی ئایاری ۲۰۲۵ لە دوو شوێنی جیاوازدا پەکەکە ۱۲یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و رۆژی ۱۲ی هەمان مانگ ئەنجامەکەی راگەیاند و گوتی، کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
Your Comment