ئەوەی خۆی بە ئەمریكا داپۆشێت ڕووتە/ سەرتیپ جەوهەر

ستەمكار هەیە كە دەسەڵات جێدەهێڵێت تەنها خۆی دەڕوات، بەڵام هەیە ئایندە و چارەنووسی میللەتەكەیشی دەبات، شای ئێران بۆ مانەوەی خۆی نەوتی وڵاتەكەی تەخشان و پەخشان كرد، بەڵام فریای نەكەوت، چەندین سەرۆک لە مێژوودا ویستویانە لەڕێی كۆمپانیاكان خۆیان بپارێزن، بەڵام سەریخواردوون. ئەو ئەمریكایەی ئەمڕۆ ، هەر ئەو ئەمریكایەیە لە ڕیفراندۆم رێی بەحەشدی شەعبی دا ناوچە دابڕاوەكان داگیر بكات.

هیتلەر گەورە دیكتاتۆری مێژوو ۶۰ ملیۆن مرۆڤی بەكوشتدا، بەڵام هیچ سەروەت و سامانی لەدوایخۆیدا جێنەهێشت. هەروەک چۆن ستالین هیچی لەدوای خۆی جێنەهێشت بگرە ئامادەنەبوو لەجەنگی دووەمی جیهانیی كوڕەكەی خۆی كە دیل بوو لای ئەڵمانەكان، بەرامبەر ئەفسەرێكی باڵای هیتلەر ئالوگۆڕبكات. سەدام حوسێن یەكێكە لە دیكتاتۆرە هەرە دیارەكانی مێژووی نوێ‌، بەڵام لەدۆزی دوجەیل ویستیان بزانن خۆی و دارودەستەكەی بزانن سامانیان چەندە؟ كەچی دەركەوت شتێكی ئەوتۆیان بەناوەوە نییە! 
بەشێک لە ستەمكار و دیكتاتۆرەكان كاتێک دەسەڵات جێدەهێڵن، هەر خۆیان و دارودەستەو دەربارەكانیان دەڕۆن، شتێكی ئەوتۆ لەدوای خۆیاندا جێناهێلن، بەڕۆیشتنیان ژیانی خەڵک و وڵاتەكە دەبوژێتەوەو دوای ماوەیێكی كورت میللەتەكە دەتوانێت دۆخەكە ڕاست بكاتەوە، بەڵام ستەمكار هەیە لەگەڵ رۆیشتنی خۆی و چارەنووس و داهاتووی میللەتەكەی دەبات و بەڕۆیشتنی ئەو، كۆتایی بەئێش و ئازاری خەڵكەكەی نایەت بەڵكوو هەرچی سامانی سروشتی سەرزەوی و ژێر زەوی هەیە تاڵانفرۆشی دەكات كە سامانی نەوەكانی ئێستا و داهاتووە و گەلەكەی دەخاتە ژێر قەرزێكی زۆر! جگە لەچارە ڕەشی و هەشبەسەری هیچی دیكە بۆ گەلەكەی بەمیرات جێناهێڵت.
دەبینین مۆبۆتۆ سیسیكۆ سەرۆكی كۆنگۆی دیموكرات لەپێناو مانەوەی خۆی دوای ۳۲ ساڵ حوكمڕانیی، وڵاتەكەی بەكاولی جێهێشت و هەرچی كانی كانزاو زێڕ هەبوو بۆ دەیان ساڵ ڕادەستی كۆمپانیاكانی ڕۆژئاوای كردبوو. میللەتەكەی تووشی چارەڕەشی كرد و تائێستا لەژێر قەرزی ئەودان.
شای ئێران بۆمانەوەی خۆی لەدوای ۱۹۵۳ چەندین گرێبەستی درێژخایەنی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكی و بریتانیەكان كرد بەجۆرێک زیاتر لەنیوەی داهاتی نەوتیان ئەو وڵاتەیان دەبرد، بەڵام هەر فریای نەكەوتن، گەندەڵیی و تەخشان و پەخشان كردنی سامانی گشتیی، توڕەییێكی ئەوتۆی بەرهەمهێنا هەموو شتێكی ڕاماڵی، بۆیە ساڵی ۱۹۷۹ لەسەر كاریان لابرد.
چەندین سەرۆک و بەرپرسی دیكە لە مێژووی نوێدا لەڕێی هەرزانفرۆشكردنی سامانی سروشتی وڵاتەكانیان بە كۆمپانیا ئەورووپی و ئەمریكاییەكان وەک (نەوت و گاز و كانزاكان) ویستویانە خۆیان بپارێزن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون. بەڵام بەرامبەر توڕەیی خەڵک نەیانتوانیوە خۆیان بپارێزن. توڕەیی خەڵک لەقەلغانی كۆمپانیاكان بەهێزتربووە تا ئەوان بتوانن خۆیانی پێ‌ بپارێزن، وەكو موعەمەر قەزافی، عەلی عەبدوڵلا ساڵح، رۆبەرت مۆگابی سەرۆكی زیمبابۆی..تد.
هەموو ئەو دەسەڵاتدارانەی گرەویان لەسەر پارێزبەندی ئەمریكا و ئەورووپا كردووە لەكۆتاییدا سەریخواردوون، ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەسەڵاتدارە ستەمكار و دیكتاتۆرەكان دەپارێزن نەک گەلانی ستەمدیدە، بۆیە كاتێک ئیشیان پێیان نامێنێت، لەشەوو رۆژێكدا لێی هەڵدەگەڕێنەوە و ریسوای دونیا و قیامەتی دەكەن، بۆیە دەبینین زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ ئێمە بە دیكتاتۆر ناویان دەهێنین پێشتر پیاوی خۆیان بوون، هەر لەسەدام حوسێنەوە بگرە تا دەگاتە شای ئێران و ئێستاش دەركەوتووە ئەحمەد شەرعیش هی خۆیان بووە. خولاسە دیموكراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی چارەنووسی گەلان لای ئەوان بۆ لەخشتەبردنی میللەتانە و هیچیتر.
دەبینین لەشەو و ڕۆژێكدا ئەحمەد شەرع كە چەكداری گرووپی تیرۆرستی داعش بووە و تائێستاش ناوی لەلیستی ڕەشی ئەمریكایە كەچی لەشەو و رۆژێكدا كردیان بەسەركردەیێكی ئازا و بەدەستلەملانێ پێشوازییان كرد! هەر ئەو ئەمریكایەی كە ئەمڕۆ كۆمپانیاكانی گرێبەستی ناڕۆشن و ناشەفاف ملیارەها دۆلارو بۆ دەیان ساڵ لەگەڵ هەرێم كردووە، چەند ڕۆژێكە بەدروشمبازییەوە باسی پاراستنی هەرێم دەكات، هەر ئەو ئەمریكایە بوو بەر لە چەند ساڵێک رێگەی دا حەشدی شەعبی و چەكدارانی عێراقی پەلاماری ناوچە دابڕێنراوەكان بدەن و بەكوردی گوت تەققە بكەن ئێوە تاوانبارن. بۆیە حوسنی موبارەكی سەرۆكی پێشووی میسر كە خۆی پیاوی ئەمریكا بوو ڕاستی  گوتووە كە دەڵێت: " المتغطی بأمریكا عریان" " ئەوەی خۆی بەئەمریكا داپۆشێت ڕووتە".

News Code 225507

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha