کوردپرێس: بەگوێرەی میدیا خۆجێییەکان، ئێسک و پرووسک لە گوندی ئاربۆی سەر بە شارۆچکەی نوسێبین لە کەنیسەی مۆر دیمەت دۆزراونەتەوە، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئاشوورین.
تاوەکوو ئێستا نازانرێت ئێسک و پروسکەکان بۆ کام سەردەم دەگەرێنەوە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە کۆمەڵکوژیی سایفۆی ئاشوورییەکانیان لەبیرە کە لەنێوان ساڵانی ۱۹۱۴ بۆ ۱۹۲۴ لە ناوچەکە ڕوویداوە.
بە گوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، ئێسک و پرووسکی سەتان مرۆڤ لە ژوورێکی چوار بە پێنج مەتر، کە پێدەچێت پەناگە بوونێت، دۆزراونەتەوە.
مەزەندە دەکرێت ئەوانەی لە دەست بکەرانی کۆمەڵکوژییەکە هەڵاتوون، پەنایان بۆ ئەو شوێنە بردووە و لەوێ خۆیان حەشاردراوە، بەڵام هەر لەوێ کۆمەڵکوژ کراون.
گوندی ئاربۆ پێش کۆمەڵکوژیی سایفۆ ۹۰۰ ماڵ بوو، بەڵام دوای ئەو کۆمەڵکوژییە گوندەکە چۆڵکرا و دانیشتووانەکەی دەربەدەر کران.
دوایینجار گوندی ئاربۆ لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ سێیەم جار بە هۆکاری "ئەمنی" چۆڵ کرا.
گوندەکە تاوەکوو ساڵی ۲۰۰۱ بە چۆڵی مایەوە، ئاشوورییەکان کە کۆچیان کرد بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە دوای ساڵی ۲۰۰۱ دەستیان کرد بە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نزیکەی ۲۰ خانوو دروست کران.
Your Comment