بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلیم جبووری سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پەیامێکی نێودەوڵەتی بۆ کۆتایهێنان بە گرووپە چەکدارەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سۆمەرییە زانیاری نوێ دەخاتەڕوو.
سەلیم جبووری وتی: پەیامێکی نێودەوڵەتی گەیشتووەتە عێراق و تێیدا جەخت لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارەکان دەکاتەوە، تێیدا بژاردەکان بۆ عێراق خراونەتەڕوو، عێراقیش لە دەرئەنجامەکانی تێپەڕ نابێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دۆخەی، کە لەم دواییانەدا لە سووریا ڕوویدا، نابێتە هۆی گۆڕینی دەسەڵات لە عێراق، چوونکە دیموکراسی وەک تاکە ئامرازێک بۆ هەر گۆڕانکارییێکی سیاسی دەمێنێتەوە.
باسی لەوەش کرد، پێویستە عێراق بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سووریادا مامەڵە بکات، بە تایبەت لەبارەی لایەنی ئەمنی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دوودڵی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئیرادەی نوێی سووریا ناڕەوایە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران جبووری دەڵێت، عێراق بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ تاران، لە وڵاتانی عەرەبی و جیهان دابڕاوە، بوونی ئێران لە ناوچەکەدا بەوەی کە لە سووریا و لوبنان ڕوویدا کۆتایی پێنایەت.
سەبارەت بە پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل جبوری ڕوونی کردەوە، ئەمریکا لە ئێستادا پاڵ بە عێراقەوە نانێت بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، هەرچەندە زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی عێراقی پێناچێت دژایەتی ئەو بیرۆکەیە بن.
لە کۆتاییدا وتی: لە ئەمڕۆدا هەژموونی شیعە بەسەر بڕیاردانی سووننە شتێکی نوێ نییە، سووننە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسیدا، بەڵام هاوبەشی ڕاستەقینە نین لە بڕیاردان.
Your Comment