بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا لەکاتی واژۆ کردنی رێککەوتننامەکەدا وتی: "خۆشحاڵین بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار پزیشكیان لە ڕووسیا و هیوای باشترین بۆ ڕێبەری باڵای ئێران دەخوازین، كە ئەم پرسە دوو قۆڵیانەی نێوان ڕووسیا و ئێران لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی ئەواندا ئەنجام دەدرێت".
سەرۆکی ڕووسیا جەختی لە پەرەپێدانی هاریکاری کولتوری و هەماهەنگیی زیاتری ناوچەی و نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ئەو پەیماننامە ستراتیژییەی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و وتی: ئەمە وەرچەرخانێکی ڕاستەقینەیە و ڕووسیا و ئێران "یەکگرتوون و پەیوەندییەکانمان دەبەینە ئاستێکی نوێ."
پووتین راشیگەیاند، رووسیا و ئێران بە تووندی دژی گوشاری دەرەکی دەوەستنەوە، "وڵاتەکانمان بە تەواوی پابەندن بە بنەماکانی سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی، سەروەریی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی دیکە. ئێمە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا رێبازێکی سەربەخۆ دەگرینەبەر و بە یەکەوە و بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە دژی فەرمانسەپێنیی دەرەکی دەوەستینەوە."
ڤلادیمیر پووتین باسی لەوەش كرد، "لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە لە پڕۆژەی هاوبەشی گرنگ و گەورەدا هاوکاری یەكدی دەکەین، لەوانە پەرەپێدانی وێستگەی کارەبای ئەتۆمی و پڕۆژەکانی وزە، هاوکاری لە بواری گەشتیاریدا بە ڕێژەی ۲۱% زیاد دەکات، هاوکاری لە کەرتی گواستنەوە و پەرەپێدانی ڕێگاکانی گواستنەوەش دەكەین".
هاوکات مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند: "ئەم پلانە ستراتیژییە گشتگیرە کە بۆ چەندین ساڵ خوێندنەوەی بۆ کراوە، ئەمڕۆ واژۆ دەکرێت و لە هەموو بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، کولتووری و بازرگانی، دەتوانین پەیوەندییەکان زیاد بکەین و ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ یەکدی بەهێزتر بکەین."
پزیشکیان وتیشی، "شەڕ و جەنگ کێشەکە چارەسەر ناکات. ئێمە پێشوازی لە چارەسەرێکی سیاسی لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراینادا دەکەین."
Your Comment