کوردپرێس: د. عەبدوڵڵا وەیسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: كورد بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو مافی پێشێل كراوە و تووشی نەهامەتیی گەورە هاتووە، کە سەرچاوە و پاڵنەری ئەو ماڵوێرانییە عەقلیەتی شۆڤێنی و تایفەگەری و دیكتاتۆرییەت بووە.
سەرۆکی یەکێتیی زانایان دەڵێت: "بە هەموو پێوەرە ئاسمانی زەوینییەکان کورد وەک سەرجەم نەتەوەکانی دیکە مافی خۆی هەیە داوای ماف بکات، درووشم و گوتاری دژە کورد و وەس فکردنی بە سەری مار، تێفکرینێکی شۆڤێنیانەیە و ئاگری فیتنە و دووبەرەکی خۆش دەکات، کورد سەری مار نییە، بەڵکوو قوربانیی ژەهری مارەکانە".
سوبحى توفەیلی، یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى، ۰۳ـی ئەم مانگە لە گوتارێکدا مەترسیی هەندێک لایەنی بەرامبەر بە دەسەڵاتى ئێستای سووریا بە "وەهم" پێناسە کرد و گوتی: "رێگەم پێبدەن بە سووریا بڵێم سەرى مارە کوردییەکەى ببڕن، ئەگەر سەرى مارە کوردییەکە ببڕدرێت، هەموو شتێک لە سووریا کۆتایی دێت، لە سوەیدا و ناوچەکانى دیکە ئەو دەنگە نەشازانە نامێنن".
یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى زیاتر لە بارەی کوردەوە قسەیکرد و گوتی: "هەوڵێک هەیە بۆ هاندانى بەشێک لە کورد بۆ وەستان لەدژى دروست کردنى دەوڵەتى سووری و داواى پشک و فیدراڵى دەکەن هاوشێوەى عێراق و لوبنان، ئەوەش وێرانکردنی سووریایە و ئەوەیان دەوێت. نابێت کورد لە سووریا ببنە داردەستى زایۆنیزم و ئەمریکا".
سوبحى توفەیلی، لەنێوان ساڵانى ۱۹۸۹ بۆ ۱۹۹۱ یەکەم ئەمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى بووە.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان وەڵامی یەکەم ئەمیندارى گشتیی حیزبوڵڵاى لوبنانی دەداتەوە و دەڵێت، ئەو قسانەی کردوویەتی بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنییانەیە.
News Code 224688
Your Comment