دانیشە کاک مەسروور/ ڕێبوار كەریم وەلی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕێبوار کەریم چاودێری سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە یادداشتێکی کورتدا ئاماژەی کردووە بە لێدوانێکی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ میدیای NBCی ئەمریکی و دەڵێت «بۆچی ئەمریکا ئێوە بە هاوپەیمانی خۆی بزانێت؟» دەقی یادداشتەکە لە درێژەدا هاتووە:

لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ میدیایەکی ئەمریکیدا، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دیسان بەناوی خۆی و حزبەکەیەوە قوڕێکی دیکە بۆ ئەم میللەتە دەگرێتەوە.

سیاسەت و گوتاری نابەرپرسانەی ڕابردووی دووبارە دەکاتەوە؛ ئێران و دەستوپێوەندەکانی وەک (تیرۆریست) وێنا دەکات و تەنانەت بە داعش و خراپتر لە داعشیشیان دەشوپهێنێ! ئینجا دەکەوێتە ناو فانتازیای هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و داوای چەک و تەقەمەنی بۆ خۆی حزبەکەی دەکات.

جارێ پێش هەموو شتێک، ناساندنی ئێران بەم زمانە دوور لە دیپلۆماسیەتە باجی خۆی هەیە و باجەکەشی خەڵکی بێ‌گوناه دەیدات. لەجیاتی دەرس وەرگرتن لە ڕابردوو، جەنابی دیسان بە زۆری زۆرداری دەیەوێ وا پێشان بدات کە ئەمریکا دەبێ وەکوو هاوپەیمان سەیریان بکات!

پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە کە بۆ دەبێ ئەمریکا وەکوو هاوپەیمان سەیری ئێوە بکات؟

یەکەم: ئێوە ئامادە نەبوون شەڕی داعش بکەن، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاتە هەولێر و لێتان پاڕایەوە کە دەبێ لەشەڕی داعش بەشدار بن، ئێوە گوتتان ئەوە شەڕی ئێمە نییە! تا داعش ڕووی بەرەو هەولێر سووڕاندەوە، ئەوجا دەستپاچە و پەرێشان هاناتان بۆ ئەمریکا برد، کەواتا شەڕی داعش بە چاوی ئەمریکادا مەدەنەوە!

دووەم: لە مەسەلەی ڕێفراندۆمدا، حیسابێکی پوشێکتان بۆ ئەمریکا نەکرد!

سێیەم: ئەمریکا مانگانە تۆنێک پارەتان دەداتێ بۆ ئەوەی پێشمەرگە یەک بخەنەوە، نەک هەر یەکتان نەخۆستۆتەوە، بگرە ئێستا لەو ناوچە موحەڕمانەی کە هی خۆتانە و وەک کانتۆنی لێهاتووە، میلیشیای جیاجیا دروست دەکەن!

چوارەم: بۆ چەک و تەقەمەنیش دیسان ڕەنگبێ ئەمریکا هەقی خۆی بێ بپرسێ کە ئەوانەی لە ڕابردوودا وەرتان گرتووە چیتان لێکردوە؟

پێنجەم: کاتێک ئەمریکا داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسانتان لێدەکات و ئێوەش نەک داواکەی ڕەت دەکەنەوە، بگرە چاویان لێ سوور دەکەنەوە و پێیان دەڵێن دەست لەکاروباری ناوخۆمان وەرمەدە! ڕەنگبێ ئەمریکاش مەسەلەی پەلامارەکانی سەر ئێوە وەک مەسەلەیەکی ناوخۆیی خۆتان لەقەڵەم بدات!

لە شەوی هێرشەکەی هەولێر دەبوایە زۆر بەڕوونی لە گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن تێگەیشتبان کە کاتێ لە بارەی هەولێرەوە پرسیاری لێکرا، گوتی ئەمریکییەکان سەلامەتن و هیچ کێشەیەک نییە!

بەکورتی، ڕەنگبێ نیگەرانییەکانی تورکیا لە نفووزی ئێران لە ناوچەکەدا و تۆڵەستاندنەوە سنووردارەکانی ئەمریکا، وایکردبێ کە دیسان سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر بەم ئاوازە کۆنەی جاران بخوێنێ، بەڵام لە ڕاستیدا، هیچ لە ئەسڵی مەسەلەکە نەگۆڕاوە. ئەمریکا قەت ناتوانێ بە چاوی هاوپەیمان لە کەسانێک بڕوانێ کە ئەم سابیقانەی ڕابردووی لەگەڵیاندا هەبێ.

News Code 223030

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha