ناته‌بایی و ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی به‌سه‌ر توانا و پێگه‌ی کوردستانه‌وه‌ هه‌بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ په‌یامێکدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ناته‌بایی و ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپیان به‌سه‌ر توانا و پێگه‌ی کوردستانه‌وه‌ لە عێراق و ناوچەکە هه‌بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی له ‌په‌یامێکدا بڵاوی کرده‌وه‌، "ساڵی تازه‌ی زایینی ۲۰۲۴ له‌خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان، هێزه‌کانی ناوخۆ و ته‌واوی کوردستانییان به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه‌ له‌ هه‌ر کوێ بن، له‌ گه‌لانی عێراق و جیهان به‌گشتی پیرۆز ده‌که‌م. هیوای ساڵێکی پڕ له‌ ئارامی و خۆشی و سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌موان ده‌خوازم".

بارزانی ڕاشیگه‌یاندووه‌: "به‌هۆی لێکه‌وته‌کانی دۆخی سیاسی، ئه‌منی، ئابووری و کێشه‌ و قه‌یرانه‌کانه‌وه‌‌ له‌ ناوچه‌که‌ و عێراق و هه‌رێمی کوردستان، ساڵێکی سه‌ختمان به‌ڕێکرد که‌ تیایدا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین مه‌ترسی و ئاڵنگاری بووینه‌وه‌".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ده‌شڵێت: "ناته‌بایی و ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی به‌سه‌ر توانا و پێگه‌ی کوردستانه‌وه‌ له‌ عێراق و ده‌ره‌وه‌ هه‌بوو، بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان نه‌توانێت وه‌ک پێویست ماف و شایسته‌ ده‌ستورییه‌کانی به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان دواخرا، له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانیشدا له‌ ناوچه‌کانی ماده‌ی ۱۴۰ کاریگه‌رییه‌ خراپه‌کانی، دیار بوون".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "پێچه‌وانه‌ی ڕێککه‌وتنه‌ سیاسییه‌کان و ده‌ستوور، وێڕای هه‌موو گفتوگۆ و هه‌وڵ و پابه‌ندییه‌ک، زۆرێک له‌ ماف و شایسته‌ ده‌ستوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ عێراق فه‌راهه‌م نه‌بوون، چه‌ندین‌جار به‌ هێرش و په‌لاماری درۆنی، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستان کرا".

ناوبراو ئه‌وه‌شی ڕوون‌کردۆته‌وه‌، "جێبه‌جێ‌نه‌کردنی ڕێککه‌وتنه‌ سیاسییه‌کان و نه‌ناردنی شایسته‌ و مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، جگه‌ له‌ زیان هیچ سوودێکی دیکه‌ به‌ عێراق ناگه‌یه‌نێت، له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت هه‌مووان به‌ گیانی به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌ش، به‌ یه‌کتر قبووڵ‌کردن و ته‌بایی، به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌یشتن، کار بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان بکه‌ین".

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندووه‌، "با له‌ ساڵی تازه‌دا‌ له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو وه‌رگرین و پێکه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوویه‌کی باشتر و سه‌قامگیر و ئاسووده‌ هه‌نگاو بنێین، با قه‌یران و ئاڵنگارییه‌کان بکه‌ینه‌ ده‌رفه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل و نیشتمان، ئامانج و کۆکه‌ره‌وه‌ی هه‌موان بێت، عێراق به‌ پێکهاته‌کانییه‌وه‌ به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ته‌نیا به‌ ته‌بایی و پێکه‌وه‌یی، هه‌مووان براوه‌ن".

نێچیرڤان بارزانی جه‌ختیشی کردۆته‌وه‌، "له‌م بۆنه‌یه‌دا هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌که‌ و جیهاندا، له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزله‌یه‌کگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، بره‌و به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌دات، وه‌ک هه‌میشه‌ به‌ فاکته‌ری ئارامی و سه‌قامگیری و به‌ هاوبه‌شێکی‌ کارای کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و زێدی فره‌یی و پێکه‌وه‌ژیان ده‌مێنێته‌وه‌".

News Code 222786

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha