هۆکاری شکستهێنانی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرەڕای "تەحەدا"کانی نەوەی نوێ بۆ بەدەستهێنانی چەند کورسیەک و بانگەشەی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار یان یەکلا کردنەوەی ئەو پۆستە لەلایەن ئەوانەوە، بەڵام جووڵانەوەکە شکستێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ جەماوەرەکەی تۆمار کرد و نەیتوانی هیچ کورسیەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بباتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چاودێرێکی سیاسی لە کەرکووک لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمریکا هۆکاری ئەم شکستە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە جووڵانەکە تێڕوانینێکی ڕوونی بە کوردەکانی کەرکووک نەدا لەسەر پرسی ناسنامەی شارەکە و زیاتر سەرنجی خستە سەر زەقکردنەوەی کەمی خزمەتگوزاری.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی ۱۹ی مانگی دوازدەی ۲۰۲۳ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند کە پێکهاتبوو لە %۹۴.۴ی کۆی دەنگی جیاکراوەی بەشداربووان لە هەڵبژاردندا.
نەوەی نوێ لە پارێزگای کەرکووک ۵ کاندیدی هەبوو، بەڵام هیچیان نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی یەکێک لە ۱۵ کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ بکەنەوە.
بە گوێرەی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیهەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆی دەنگی سەرجەم کاندیدەکانی جووڵانەوەکە ۲۴ هەزار و ۶۲۰ دەنگە. لەنێوان کاندیدەکانی جووڵانەوەکە، هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ و سەرۆکی لیستەکە بەتەنها ۱۷ هەزار و ۲۰۲ دەنگی هێناوە و بەمەش بووەتە پێنجەمی سەر ئاستی پارێزگای کەرکووک، بەڵام نەیتوانیوە کورسییەکی ئەنجومەنی پارێزگا بباتەوە.
لەتیف فاتیح فەرەج، چاودێری سیاسی لە کەرکووک، ڕایگەیاند، "خەڵک لە کەرکووک دەیەوێت دەست و پەنجە لەگەڵ هێزێکدا نەرم بکات کە بتوانێت داکۆکی لێبکات. ڕەنگە گومانیان هەبێت لەوەی کە نەوەی نوێ ناتوانێت داکۆکیان لێبکات".
وتیشی،"خیتابی نەوەی نوێ لە ئاست تموحی خەڵکی کەرکووکیەکان نەبوو، بەو پێیەی کێشەی کەرکووکیەکان بریتی نییە لە کێشەی ئاوو کارەبا و بەنزین، بۆیە شکستیان هێنا".
لە گەرمەی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، هەریەکە لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەکە، هیمداد شاهین، وە ئومێد محەمەد، تاکە پەرلەمانتاری ئەو حزبە لە کەرکووک، بانگەشەی ئەوەیاندەکرد لیستەکەیان بە لایەنی کەمەوە چوار کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەباتەوە.
لە ڕۆژی ۵ی مانگی ۱۲ لە یەکێک لە بەرنامەکانی کەناڵیNRT، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەکە، بە "تەحەداوە" ئاماژەی بەوەدا، ئەوان ۴ کورسییان مسۆگەر کردووە و پێدەچێت بتوانن کورسی پێنجەمیش بەدەستبهێنن.
هەوڵەکانی دەنگی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە وتەبێژی نەوەی نوێ بێئەنجام بوون.
هەریەک لە تەها ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، و ڕێبوار ئەوڕەحمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی نەوەی نوێ، ئامادەنەبوون لێدوان بدەن تا ئەنجامی کۆتایی دەنگەکان ڕادەگەیەندرێت.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تا ئێستا وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگی تایبەت و کۆتایی هەڵبژاردنەکانی دیارینەکردووە.
ئەمڕۆ کۆمسیۆن لە ڕاگەیێندراوێکیدا بانگهێشتی چاودێران و بریکارەکانی هاوپەیمانيەتەكان و لايەنەسياسيەكان و میدیاکان کرد بۆ ئەوەی چاودێری پرۆسەی هەژماردن و جياكردنەوەى دەستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بکەن. پرۆسەکە بەیانی لە ناوەندی وردبینی سەر به ئۆفيسى ھەڵبژاردنەكانی ھەولێر ئەنجام دەدرێت.
لەتیف فاتیح فەرەج پێیوایە،"خەڵک تا ئێستا لە کەرکوک دەترسێت کە هێزی مەدەنی هیچی بۆ ناکات." ئەو چاودێرە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "پێشتر گۆڕانیش هێزی گەورە بوو، بەڵام لە کەرکووک دەنگی نە دەهێنا. خەڵک هێزێکی دەوێت ئاسایش و پۆلیسی هەبێت بۆ ئەوەی هەرچی بەرام بەری کرا بڕوات شکاتی لێبکات و داکۆکی لێبکات".
لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، نەوەی نوێ ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی گەورەی تەنزئامێز و ڕەخنەیەکی زۆری بووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
بەشێک لە هاوڵاتیان بە تەنزەوە باس لە شکستی جووڵانەوەکە دەکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشیک لە چاودێران جووڵانەوەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی گوایە بووەتە هۆکاری لەدەستدانی دەنگی کورد و پەرتەوازەیی کورد لەو شارە.
بەڵام فاتح سەنگاوی، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و ڕاپرسی (RSC) لە نووسینێکدا ئاماژەی بەوە کرد، نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان بە هیچ شێوەیەک نەبوونەتە هۆکاری لەدەستچوونی دەنگی کورد.
فاتح سەنگاوی دەڵێت، "دوای‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و به‌هه‌موو سیناریۆكان لیستی مەشخەڵی کەرکووک و نەوەی نوێ نه‌بوونەتە هۆی لەدەستدانی کورسی کورد لە کەرکووک و له‌ هیچ دۆخێكدا ژماره‌ی كورسیه‌كانی كورد له‌ کەرکووک زیادیان نه‌ده‌كرد.

News Code 222710

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha