ناکۆکیەکانی ناو کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرچین؟

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دامەزراوەی میدیایی درەو کە گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی باڵە جیاوازەکانی یەکێتیی ئەنجام داوە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە گرینگترین ئەو خاڵانە کردووە کە ناکۆکیی خستۆتە ناو کۆنگرەی پێنجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس،  دوێنی ناکۆکیەکانی ناو کۆنگرەی یەکێتی بەتەواوی دەرکەوت، باڵە جیاوازەکان ناڕازین لە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، لەبەر ئەوەش گفتوگۆی پەیڕەو بە خاوی بەڕێوە چوو، تەنیا ۱۲ مادەی پەیڕەو لەکۆی ۶۴ مادە پەسەندکران، ماڵی کۆسرەت ڕەسووڵ ناڕازی بوون، بافڵ تاڵەبانی شەو چووە ماڵی کۆسرەت ڕەسووڵ، شەو کێشەکەیان یەکلا کردەوە و ڕێککەوتن، کاندیدی باڵە جیاوازەکان لەناو لیستێکدا ئامادەکراون، هەرکەس لەدەرەوەی ئەو لیستە خۆی کاندید بکات دەرناچێت.

ناکۆکیەکان لەسەر چین؟

درەو بۆ ئەم پرسە قسەی لەگەڵ چەند ئەندامێکی کۆنگرە کرد لە باڵە جیاوازەکان ئەوان پێیان وابوو، ناکۆکیەکان لەناو کۆنگرەی پێنجی یەکێتی و لە رۆژی دەستپێکردنی کارەکانی کۆنگرەدا سەریان‌هەڵدا، بەشێکی پەیوەندی بە دەسەڵاتە زۆرەکانی سەرۆکەوە هەیە کە هەموو بابەتەکان و فایلەکان پەیوەست‌کراون بە سەرۆکی یەکێتیەوە، بەشێکیشی پەیوەستە بە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیەوە.

ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکەوە، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتیەوە دەرکەوتن، کاتێک پەیڕەو چووە بەردەم ئەندامان و گفتوگۆی لەسەرکرا دەرکەوت تەواوی بڕیار و دەسەڵاتەکان و کۆی حزبەکە دەکەوێتە دەست یەک کەس ئەمەش لەناو کۆنگرە، ئەندامانی باڵە جیاوازەکان گلەیی و گازەندەیان لە سەرکردەکانی خۆیان کرد، بۆیە بەشێک لە ناکۆکیەکانی تر لەوێوە سەریان هەڵدا.

ئێستا لەناو کۆنگەری یەکێتی تەنیا سێ باڵ و ئاراستەی جیاواز هەیە ئەوانیش  ماڵی مام جەلال، ماڵی کۆسرەت ڕەسووڵ، گرووپی کەرکووکیەکان کە پێش کۆنگرە لەسەر چەند خاڵ و بنەمایەک رێککەوتنیان کردووە، بەڵام ئێستا و لە بواری پراکتیکدا دوو باڵەکەی تر بۆیان دەرکەوتووە کۆی پرۆسەکە لە بەرژەوەندی ماڵی مام جەلالە و ئەوان جگە لە چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی شتێکی دیکەیان دەست‌ناکەوێت.

 

 کوڕەکانی کۆسرەت ڕەسووڵ لەم کۆنگرەیەدا:

    سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیان لەدەست‌چوو، کە پێشتر کۆسرەت ڕەسووڵ سەرۆکی بوو.

    کارگێری مەکتەبی سیاسییان لەدەست چوو کە پێشتر دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بوو.

    سەرۆک، جێگری نابێت، بۆیە جێگری سەرۆکی یەکێتیشیان دەست‌ناکەوێت.

    تەنیا دەبنە ئەندامی مەکتەبی سیاسی کە ئەویش دوای کۆنگرە سەرۆکی یەکێتی دیاری دەکات و لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پەسەند دەکرێت.

 

کەرکووکیەکانیش بەشێک لە بەرژەوەندییەکانیان لەدەست دەدەن:

    بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەدەست‌دەدەن، کە پێشتر ڕەفعەت عەبدوڵا بەرپرسی دەستەی کارگێڕی بوو، لەم کۆنگرەیەدا نامێنێت.

    هیچ پۆستێکی باڵایان لەدەستدا نامێنێت.

    ژمارەیەکی کەم ئەندامی سەرکردایەتیان بۆ دیاری دەکرێت۷ – ۱۰

    دوو ئەندامی مەکتەبی سیاسیان دەبێت کە ئەویش سەرۆکی یەکێتی دایان دەنێت، و لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پەسەند دەکرێن.

 

ناکۆکی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی

درەو قسەی لەگەڵ چەند ئەندامێکی کۆنگرە کرد لە باڵە جیاوازەکان ئەوان پێیان وابوو، بەشێکی دیاری ناکۆکیەکان لە کۆنگرەدا لە سەر شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیە، شێواز و پێوەرەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەو شێوەیەی پێشتر رێککەوتنی باڵە جیاوازەکانی لەسەر کرابوو، جێبەجێ ناکرێت، ئەویش لەناو کۆنگرەدا واقیعەکە شتێکی جیاوازتر دەڵێت وەک لە رێککەوتنەکانی پێش کۆنگرە.

بەپێی مادەی ۲۱ی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی: "هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆنگرە، لەسەر بنەمای لیستی داخراو دەبێت، ئەو لیستەی زۆرترین دەنگی هێنا سەرجەم کورسییەکان دەباتەوە، ئەگەر تەنها یەک لیست هەبوو بە دەنگدانی ئاشکرا دەنگی پێدەدرێت".

ئەم شێوازی هەڵبژاردنە پێشتر باڵە جیاوازەکانی یەکێتی لەسەری رێککەوتوون و هەموویان ئەندامەکانیان لە چوارچێوەی یەک لیستدا بێت، بەڵام ئەوەی کێشەکەی درووست کردووە، بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر ئاراستە و باڵە جیاوازەکانە لە رۆژانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی یەکێتی وای کردووە، گۆڕانکاری لە کاندیدەکانیان و پێوەرەکاندا  بکەن و بەتایبەت ماڵی مام جەلال هەوڵ بدەن ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی زیاتر بکەن جێگۆڕکێ بە چەند کاندیدێکیان بکەن، بەشێک لە پێوەری رێککەوتنەکان بگۆڕن بۆیە ئەوە ناکۆکی باڵەکانی تری لێکەوتەوە.

 دوێنێ کۆڕانی کۆسرەت ڕەسووڵ زویر بوون، بەتایبەت شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ کۆنگرەی بەجێ‌هێشتوو چووە ماڵەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵی لەخۆی بردووە و چووەتە ماڵی کۆسرەت ڕەسووڵ، لەوێ گفتوگۆیان لەسەر ئەو ناکۆکیانە کردووە، ئەوان بەروونی پێیان ووتون ئێوە پەیوەست نەبوون بە رێککەوتنەکەوە، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و پشکی هەرلایەکیان لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە، کە ماڵی کۆسرەت و لە ۱۰ - ۱۲ ئەندامی سەرکردایەتیان بەردەکەوێت.

بۆیە ئەگەر ئەگەر ئەمڕۆ پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی تەواو بێت کە لە کۆی ۶۴ مادە تەنیا ۱۲ مادەی پەسەندکراوە ئەوا ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیش هەڵدەبژێردرێن کە ۶۱ ئەندامە و بەسەر باڵە جیاوازەکاندا دابەش کراون، ناوی ئەندامەکانیش دیاری‌کراون و کراونەتە لیستەکەوە.

ئەندامێکی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی بە درەوی راگەیاند: خۆم هەڵنابژێرم بۆ ئەندامی سەرکردایەتی لەبەر ئەوەی ناوی من لە لیستەکەدا نیە و ئەو لیستە بەتەواوی ئامادەکراوە و رێککەوەتنی لەسەر کراوە، هەرکەسێک ناوی لەو لیستەدا نەبێت بێ‌گومان دەرناچێت و شکست دێنێت، وە هەر لیستێکی تریش لەدەرەوەی ئەو لیستە بێت سەرناکەوێت، بۆیە ئەگەر بە ڕوونی بزانین شکست دێنین بۆچی خۆمان کاندید بکەین.

News Code 222225

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha