بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قاسم ئەعرەجی، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق ئەمڕۆ ۱۸ى ئەیلوولى ۲۰۲۳ بە سەرۆکایەتیى شاندێکى ئەمنى و سەربازى گەیشتە هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، "ئامانجی ئەو سەردانە، تاوتوێکردنى رێکارەکانى جێبەجێکردنى رێککەوتنى ئەمنیى نێوان عێراق و ئێرانە."
وەعد قەدۆ، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق لەمبارەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندووە، ئەو سەردانەى قاسم ئەعرەجى بۆ دڵنیابوونەوەیە لە جێبەجێکردنى رێککەوتنى ئەمنى لەسەر سنوور، کە یەکێک لە خاڵەکانى چەکدانانى ئەو هێزانەیە کە دژبەرى ئێرانن لەو ناوچانە.
بەگوێرەى رێککەوتنەکە، ۱۹ى ئەیلوول دوا وادەیە بۆ جێبەجێکردنى، کە گرنگترین خاڵەکانى گواستنەوەى "گرووپە دژبەرەکانى ئێران"ە لە ناوچە سنوورییەکان بۆ نێو کەمپ.
وەعد قەدۆ راشیگەیاند: "و عێراقى داوای کردووە ئەو وادەیە درێژ بکرێتەوە بۆئەوەى بە تەواوى خاڵەکانى رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات، کە لەلایەنى عێراقەوە، پاراستنى سنوور و دوورخستنەوەى هێزە دژبەرەکانى ئێران و لە دیوى ئێرانیشەوە تووندکردنەوەى سنوورەکانى و رێگریکردنە لە قاچاخى مادەى هۆشبەر و کرێکارانى بیانى".
Your Comment