بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو لایێک زیاتر پەرۆش و خەمخۆری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە و هەموو هەوڵ و توانای خۆشی خستووەتەگەڕ بۆ دابین کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ناوبراو گوتیشی شایستە داراییەکانی هەرێم، مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و هەرگیز سازشی لە سەر ناکەین و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە پێناو دابین کردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم.
بارزانی روونیشی کردەوە کە لەم ڕۆژانەشدا بەردەوام لە سەر هێڵ بووین لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە بەلێنیان داوە بابەتی ناردنی مووچە لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر بکەن. بەلام ئەگەر لە بەر هەر هۆیەک، لە کاتی خۆیدا بەشە مووچەی هەرێم لە بەغداوە نەگەیشت، ئەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ قەرز ببات و قەرز بکات تا بڕە مووچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات و دواتر پارەکەی بەغدا، لە بری قەرزەکە دەدرێتەوە.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بڕیاری دا لە ڕۆژی پێنجشەممە 2020/12/3 دەست بە دابەش کردنی مووچەی مانگی ئۆکتۆبەر بکرێت بەو داهاتەی لە بەر دەستی وەزارەتی داراییە و بە تەمویل کردنی مووچە بە ڕێژەی 79% . هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیێکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی داکۆکی کردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەی پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی ئەو رسوماتەی لە بەرامبەر پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری وەردەگیرێن، لە لایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە خرایەڕوو و داوای کرد پەلە بکرێت لە ناردنی زانیاری تایبەت بە خەرجی و داهاتی وەزارەتەکان بۆ لیژنەی باڵا بە مەبەستی ڕێکخستنەوەیان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment