بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان لەوەڵامی عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کودستان کەرایگەیاندبو" رێگەنادەین دەستوور بەدڵی پارتی تێدەپەڕێت"، ئاماژەی بەوەکردووە، "بەتاق و تەنها پەرلەمانتارێک کە پێشتر لە سەرۆک فراکسیۆنی حزبەکەی خۆی لادراوە، بە چ حەقێک دێت و دەڵێت ناهێڵین دەستوور تێپەڕێت بەدڵی پارتی، وەک ئەوەی ئەو خاوەنی 45 کورسی پەرلەمانی بێت".
باسی لەوەش کردووە، "ئەم جۆرە قسانە و ئەم دژایەتییە بەتاڵەی پارتی هەموو کات بێ ئاکام بووە، بەتایبەت بۆ کەسێک نە لەنێو فراکسیۆنەکەی نە لەنێو حزبەکەی گوێ لێگیراوبێت".
وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی خستوەتەڕوو، "دەستوور موڵکی پارتی و هیچ لایەنێکی دیکەش نییە، دەستوور بۆ هەموو خەڵکی کوردستانە و پارتی زۆرینەی خۆی ئیستیغلال ناکات بۆ هیچ پرسێک کە پەیوەندی بە هەموو خەڵکی کوردستانەوە هەیە".
لەدوای پەسند کردنی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005، چەندین هەوڵ هەبووە بۆ نووسینی دەستووری هەرێمی کوردستان، ساڵی 2009 پرۆژەی دەستوور لە پەرلەمان پەسندکرا، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی گەڕێندرایەوە پەرلەمان، لە خولی رابردووی پەرلەمانیش لەلایەن لیژنەیێکی تایبەتەوە جارێکی دیکە لە کۆی زیاتر لە 120 ماددەی دەستور 74 ماددەی نووسرایەوە، بەڵام ئەوکاتیش بەهۆی ناکۆکیی سیاسی پرۆژەکە تەواو نەکرا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment