تێڕوانینی تایبەتی چین بۆ هەرێمی کوردستان

بەشی جیهان- ناوەندی سیاسەتی ستراتێژیکی ئوسترالیا لە شیکاریێکدا لەبارەی پەیوەندیی ئابووریی چین لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەنووسێت: کۆماری گەلی چین و کۆمپانیا حکوومییەکانی ئەو وڵاتە زۆر حەزی سەرمایەدانەرییان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وڵاتی چین لەچەند ساڵی ڕابردوودا بەتایبەت پاش سەرهەڵدانی کۆرۆنا، بە ناردنی شاندی سیاسی، پزیشکی و ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان هەوڵی بۆ زیاتر کردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان داوە. ناوەندی سیاسەتی ستراتێژیکی ئوسترالیا شیکاریێکی لەمبارەوە ئەنجام داوە و باسی لە بەشداریی کۆمپانیا چینییەکان کردووە لە بەشە جیاوازەکانی ئابووری هەرێمی کوردستاندا.

بەگوێرەی ئەم لێکدانەوەیە، کۆمپانیا چینییەکان کە لەبەشەکانی نەوت، ژێرخان، کردنەوەی خانووبەرە، ئەندازیاری، ڕاگەیاندن و سیماندا چالاکن و خەریکی جێبەجێ کردنی پڕۆژەی چەند ملیار دۆلاری لە ناوچەکەدان و بەدوای واژۆ کردنی گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان.

هەروەها ئاماژە بەمەش کراوە کە هاوکارییە ئابووری و سەرمایەدانەرییەکانی چین لە هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی تۆکمە کردنی پەیوەندییە سیاسییەکان لەنێوان پیکەن و هەولێردا بەڵام هێشتا دروست بوونی هاوپەیمانیێکی سیاسی لەنێوان هەرێمی کوردستان و چیندا چاوەڕوان ناکرێت.

پەیمانگای سیاسەتی ستراتێژیکی ئوسترالیا جەخت دەکاتەوە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی چین دژایەتی کردنی جیایی خوازی و پشتگیری کردنە لە سەروەریی فەرمیی وڵاتان. بۆیەش سەرەڕای ئەوەی کە پیکەن پەیوەندیی سیاسیی سەقامگیری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە یارمەتی ئەم ناوچەیە ناکات بۆ سەربەخۆیی.

ناوەندە ئوسترالیایەکە ئیدیعا دەکات کە پشتگیری کردنی چین لە سەربەخۆیی خوازیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەرژەوەندیی زیاتری بۆ ئەو وڵاتە ببێت و تەنانەت دەتوانێت ببێتە کارتی گوشاری چین بۆسەر هەندێک وڵات وەکوو تورکیا کە پشتگیریی ئویغورەکانی چین دەکات. لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدات کە پشتگیریی چین لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ناوچەکە ناسەقامگیر بکات.

ئەم پەیمانگایە لە شیکارییەکەیدا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و چین ئاماژە بە ئامانجەکانی چین دەکات لە گەشەپێدان بە پەیوەندییەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و دەنووسێت: چین لە سیاسەتی "داوی قەرزدار کردن" کەڵک وەردەگرێت تاوەکوو بە ئامانجەکانی خۆی دەگات و بەم سیاسەتەش زیاتر ناوچە گەشەنەسەندووکان یان ئەو ناوچانەی خەریکی گەشەسەندنن دەکاتە ئامانج.

بەبڕوای ناوەندی سیاسەتی ستراتێژیکی ئوسترالیا، مومکینە چین بە کەڵک وەرگرتن لە سیاسەتی "داوی قەرزدار کردن" زاڵ بوونێکی کونترۆڵ نەکراو بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت.

پەیمانگەی سیاسەتی ستراتێژیکی ئوسترالیا ڕایدەسپێرێت کە وڵاتانێک وەکوو ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئوسترالیا و تورکیا گەشە بە پەیوەندییە شەفاف و یاساییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بدەن. ئەم وڵاتانە دەبێت بە ئامانجی ڕێگری کردن لە سیاسەتی "داوی قەرزدارکردن"ی چین دەست بکەن بە دامەزراندنی ناوەندە یاسامەند و چالاکەکان لە هەرێمی کوردستان و پشتگیری لە دیموکراسی و جێگیر کردنی یاسا و شەفافیەت لە ناوچەکەدا بکەن.

ئەم ناوەندە بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ڕادەسپێرێت هاوسەنگیی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی یاسامەنددا ڕابگرن و بە پارێز و خۆپاراستنیشەوە لەگەڵ چین مامەڵە بکەن. جێبەجێ کردنی وەها سیاسەتێک گەشەی ئابووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقیشی لێدەکەوێتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 200211

Your Comment

You are replying to: .
captcha