بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا ئاماژە بەوە کراوە، دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان و بە سیاسی کردنی بابەتەکان سوود بە بارودۆخەکە ناگەیەنێت و مەرج نییە ئەگەر رەئی و لایەنگیری لایەنێک نەبووبێتە بڕیار، مانای راست نەبوونی بڕیارەکان بێت.
جەخت لەوەش کراوەتەوە، ئەگەر هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەدا بن و بابەتەکان بە سیاسی بکرێن و زیاتر وەکوو بانگەشەی هەڵبژاردن و چەواشەکاری بخرێنە بەرچاوی هاووڵاتیان، ئێمەش لە پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆر بابەت هەیە باسیان بکەین.
دەقی راگەیەندراوەکە:
سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە بارەی کەیسی چەند کەسێک، بەداخەوە چەند لایەنێک کاردانەوەی دوور لە رەچاوکردنی سەروەری یاسا و رێساکانی دەسەڵاتی دادوەریان نیشان دا، بەپێویستی دەزانین رێز لە دام و دەزگاکانی دادوەری و سەروەری یاسا بگیرێت، دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان و بەسیاسی کردنی بابەتەکان سوود بە بارودۆخەکە ناگەیەنێ و، مەرج نیە ئەگەر رەئی و لایەنگیری لایەنێک نەبوبێتە بڕیار مانای راست نەبوونی بڕیارەکان بێت.
ئەوەی روویداوە روونە، دوای لێکۆڵینەوەی یاسایی لەلایەن لایەنە یاسایی و پەیوەندارەکان بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی بەردەستیان هەوڵی چەند کەسێکە بۆ تێکدانی سەقامگیری و، ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج. بۆیە باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەکان کاری خۆیان بکەن و رێز لە رۆڵیان بگرین.
ئەگەر هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن بابەتەکان بەسیاسی بکرێن و زیاتر وەکو بانگەشەی هەڵبژاردن و چەواشەکاری بخرێنە بەرچاوی هاوڵاتیان، ئێمەش لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بابەت هەیە باسیان بکەین.
هیوادارین ئاڕاستە و لۆژیکی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێشەوەی هەموو هەوڵێکی دیکەوە بن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment