کوردپرێس: کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە: "جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و جیھان بە شێوەیێکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت، بەڵام رێکارەکانی خۆپارێزی لە ھەموو دەروازە سنوورییەکان گیراوەتە بەر بەمەستی پاراستنی ھاووڵاتیانی ھەرێم لە گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەش وای کردووە ھەندێ گۆڕانکاری لەسەر شێوازی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەرێم و وڵاتانی جیھاندا روو بدات".
وەزیری بازرگانیی هەرێم دەشڵێت: "راستە بە ھۆی رێکارەکانی خۆپارێزییەوە ھەندێک سستی لە جووڵەی بازرگانی پەیدا بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێنانی کەلوپەل بەردەوامە، بە تایبەتی ئەوانەی رۆژانە ھاووڵاتیان بەکاریان دەهێنن".
کەمال موسلیم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "قەبارەی بازرگانی لە ئێستادا جێگیر نییە، چوونکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھاندا کاریگەریی کردووەتە سەر ئابووریی وڵاتان و جووڵەی بازرگانی، ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامین لە ھەوڵەکانمان بۆ زیادکردنی جووڵەی بازرگانی".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment