بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەبێت دان بە هەڵەکانیاندا بنێن و  پەرداغی زەهر بنۆشن/ هەولێر و بەغدا جگە لە ڕێککەوتن ڕێگایێکی تریان لەبەردەستدا نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لە بارەی قەیرانەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و ڕێگای دەرباز بوون لەو قەیرانانە دەڵێت: هیچ دەریچەیێک نییە کە دەرباز ببین لەو قەیرانەی کە تێی کەوتین ئیلا دەبێت بڕیارێکی بوێرانە بدەین. هەندێک جار زۆر زەحمەتە یەعنی وەکوو پەرداغی زەهرە دەبێت بیخۆی. ئەگەر نەیێن بە جورئەتەوە دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن و ئەوەی کە سەقەتیان هێناوە نەیێن ڕاستەکەی بڵێن، چارەسەر نابێت.

کوردپرێس: خەلیل ئیبراهیم وتەبێژ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە لەبارەی بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەم کردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و و هەروەها گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەێ ئیبراهیم خەلیل وتەبێژ و سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بخوێنەوە:

کوردپرێس: سەبارەت بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەم کردنەوەی مووچەی فەرمانبەران، جەنابتان خوێندنەوە و هەڵویستان لەمبارەوە چییە؟

خەلیل ئیبراهیم: ئێمە بەردەوام لەگەڵ چاکسازی بووینە و پڕۆژەی چاکسازیمان هەبووە و فراکسیۆنی ئێمە باسی ئەو مووچە و مەلەفی بژیوی خەڵکی کردووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەساسێکی باشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان دانەناوە و حیساباتی وایان نەکردووە.

دەست بردن بۆ مووچەی خەڵک و فەرمانبەرانی حەقیقی ئێمە بە هیچ شێوەیێک لەگەڵی نین و بە ڕاستیشی نازانین. ئەمە نابێتە چاکسازی، نابێت فەرمانبەری حەقیقی و ئەوەی دەوامی هەیە و ئارەق دەڕێژێت و ماندوو دەبێت و نەخۆشی دەبینێت، باج بدات. ئێمە چەند چارەسەرێکی دیکە پێشنیاز دەکەین بۆ ئەم قەیرانە کە ئەمانەن:

* بندیوارەکان، یەعنی ئەوانەی تەعین بوونە و شایستەی تەعین نین و هەندێک ناو هەیە و بەڵام نین و وەهمین و خەڵکانی تر مەعاشییاتیان وەردەگرن و یانیش ئەوانەی خانەنشین کراون بەبێ یاسا و بەکەیفی خۆیان بەتایبەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە کە پلەی تایبەتیان داوە پێیان و چەندین کەسانی فرەمووچە هەن، تەبعەن ئەمانە حزبەکانی دەسەڵات بۆ مەرامی هەڵبژاردن کردوویانە، ئێمە دەڵێین ئەوانە ببڕن و نابێت فەرمانبەری حەقیقی مووچەیان ببڕێت ئەمە سزادانە و ئێمە هەڵویستمان دژی ئەو مووچە بڕینەیە و ئێمە لەگەڵ ئەوین یاسای چاکسازی بە ڕیشەیی بکرێت و سکتێری زۆر هەیە کە دەبێت چاکساری لەواندا بکرێت.

* خاڵە سنوورییەکان و ئەو گومرکانە کە سنووری فەرمی هەیە و سنووری تر هەیە دەبێت زەبتیان باش بکرێت

* مەوزووعی نەوت و غاز کە زۆر زۆر گرینگە و دەبێت شەفافیەتی تێدا ببێت و بزانین چۆنە و چۆن نییە، داهاتی چەندە و خەرجی چەندە ئەو عەقد و گرێبەستانە چۆن بەسراون.

* ئەو قەرزانەی حکوومەت داویەتی و هەندێک ئیمتیازاتی داوە ئەمانە دەبێت چارەسەر بکرێت نەک ئەوەی فەرمانبەری فەقیر و داماو و هەژار تۆ بیت و مووچەکەی ببڕی.

هەڵویستی ئێمە زۆر وازیحە و بەیاننامەمان دەرکردووە و قسەمان کردووە لەمبارەوە، ئەمڕۆش فراکسیۆنی ئێمە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن پەیامێکمان دەرکردووە و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیشیان هەبووە لەسەر ئەو بابەتە.

کوردپرێس: بەباشی باسی چاکسازیتان لێکدایەوە، کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسروور بارزانی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە جەختی لەسەر زەروورەتی چاکسازی بوو، پێتان وایە ئەم دۆخەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تێدایە و وەک دەڵێن حکوومەت ئیفلاسی هێناوە ئەنجامی چییە؟

خەلیل ئیبراهیم: ئێمە هیچ دەریچەیێک نییە کە دەرباز ببین لەو قەیرانەی کە تێی کەوتین ئیلا دەبێت بڕیارێکی بوێرانە بدەین. هەندێک جار زۆر زەحمەتە یەعنی وەکوو پەرداغی زەهرە دەبێت بیخۆی. ئەگەر نەیێن بە جورئەتەوە دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن و ئەوەی کە سەقەتیان هێناوە نەیێن ڕاستەکەی بڵێن، چارەسەر نابێت. ئەگەر ئەم کارە نەکرێت قەیرانەکان زۆرتر دەبن و کەڵەکە دەبن و وەزعی ئێمە خراپتر دەبێت و خەڵک تەحەمولی ناکات و کەس ناتوانێت بەرگەی ئەو هەموو قەیرانانە بگرێت بەو شێوە لە ماڵدا بە برسی دابنیشن.

هەروەها کە دەبینن ئەوە دەرفەتی کار نییە و فەرمانبەران مووچەیان نییە، خەڵک چۆن تەحەمولی ئەمە دەکەن کە ئێمە لە مانگی حەوتین هێشتا مووچەی مانگی دوو نەدراوە.

ئەم کۆرۆنا هاتووەتە ناو خەڵک و ئەو ڤایرۆسەیش بڵاو بوویەوە و ئێمە ئێستا دەزانین کە چیدی چاکسازی دەبێت دەست پێبکات و ئەمەش بە شتی بچووکەوە ناکرێت دەبێت بێن و بزانن لە چ نوقتەی حەساسێکەوە لێمان قەوماوە و لە کوێ ئیشەکە بە چەوتی دەستی پێکردووە ئەو نوقاتانە چارە بکەن.

دەبێت لاپەڕەیێکی نوێ دەبێت دەست پێبکەین و هەموو شتەکان لێکبدەینەوە و دەسەڵاتداران بە جورئەت دانی پێدا بنێن و بڵێن ئەمە لێرە هەڵەمان کردووە و لێرە خەلەل بووە و لێرە تاوان بووە، یەعنی بە گشتی دەبێت دەست بکەن بە ئیش کردن. ئێمە وەکوو یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پشتگیری هەر هەنگاوێی چاکسازین و ئێمە ئێستا وەکوو ئۆپۆزیسیۆن زۆرمان پێخۆشە ئەم حکوومەتە چاکسازی بکات بەڵام بەم شێوەیە کە دەیکەن ئەمە پێی ناڵێن چاکسازی.

کوردپرێس: وەکوو ئاماژەتان پێدا یەکگرتوو وەکوو لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەڵویستی دیار و شەفاف بوو، بەڵام بینیمان لەم دوو ڕۆژەدا کە ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتەوە درا، ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە حکوومەت بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان هەڵویستی دژبە یەکیان هەبوو لە لایەن سەرکردەکانیانەوە، ئێوە ئەم هەڵویستە دژ بە یەکانە چۆن لێکدەدەنەوە؟

خەلیل ئیبراهیم: ئەم بابەتە دەرهاویشتەی زۆر شتە، هەندێک مەشاکیل و ئیختیلافاتی بەینی حزب و جیاوازییەکانی نێوان جیلی نوێ و جیلی کۆن و هەندێک شتی دیکەی ناوخۆیی هەر حزبێکە کە ئەمە هۆکارێکە، هۆکارێکی دیکەش لەنێوان پێکهێنەرەکانی حکوومەت دایە کە ئەمانەش جیاوازی و ئیختیلافاتیان لە نێواندا هەیە، هۆکارێکی دیکەش ئەمەیە کە ئەوان ستراتێژیێکی ڕوونیان نییە و بڵێن ئەمە بەرنامەی حکوومەتە و دەبێت بەو شێوەیە پیادە ببێت، یەعنی تەفاهوماتێک بەپێی توێژینەوەی زانستی و چاکسازی نەکراوە.

مەسائیلی دیکەش هەیە کە شتێکی ناخۆشە و هەرێمی کوردستان گیرۆدەی ئەم شتانەیە واتا ئەم نەوع ئیختیلافاتانە، کە ڕاستیەکەی ئێمە زۆر نیگەرانین لەو حالەتەش ئەمە زۆرتر پاڵ بە ئێمەوە دەنێت کە سوور بین لەسەر چاکسازی و سوور بین لەسەر ئەوەی کە بەم شێوەیە حوکمڕانی ناکرێت و ئەم سیستەمە بەرگە ناگرێت دەبێت بەخۆداچوونەوەیێکی ڕاستەقینە ببێت و دەبێت چارەسەر بدۆزینەوە.

هەموومان دەبێت بەپێی مەوقیع و توانای خۆی چ لە ئۆپۆزیسیۆن و چ لە حکوومەت دەبێت هەست بە مەسئوولیەت بکەن و ئەرک وەزیفەمان لەم قۆناغە چییە هەموو دەبێت بۆی هەڵسن.

کوردپرێس: لە ئێستادا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغدایە بۆ گفتوگۆ کردن، حکوومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەند، تا چەندە ئێوە گەشبینن بەم گفتوگۆیانەوەی ئەوەی کە ببێتە کلیلی چارەسەر کردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان؟

خەلیل ئیبراهیم: ئەم بابەتە بابەتی گەشبین بوون یان ڕەشبین بوون نییە. مەوزووعێکی واقیعی و عەمەلییە و دەبێت ورد بینی و دووربینیی تێدا بکەن. ئەمە پێویستی بە عەمەلیەتی عەقڵیە و عەقڵ دەخوازێت بۆ هەردوولا واتا حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بزانن بەو شێوەیە و بەو جۆرە تا ئێستا کراوە مومکین نییە ئیتر ببێت.

نە کوردستان ئەو وردستانەی پێشترە نەک عێراق، عێراقی پێشووە نەک وەزعی عامی ناوچەکە بەشێوەیێکی گشتی وەکوو پێشترە. لێرەدا دەبێت خوێندنەوەیێکی واقیعییانە و ژیرانە بکرێت بۆ وەزعەکە دەبێت بزانین هەموومان دەنگێکمان داوە بە دەستوور و دەستوور ئەساسە بۆ هەموو کەس و دەبێت هەموومان پەنا بۆ دەستوور ببەین. بێن ببینن لەو دەستوورە مافەکانی هەرێم چییە؟ ئیلزامات لەسەر هەرێم چییە؟ مافی حکوومەتی ئیتیحادی و دەسەڵاتەکانی چییە و ئیلتیزاماتی چییە. دەبێت بێن و فەقەرە فەقەرە دوای بخەن و بڵێن ئەم مانگ و مانگیتر بزانین چۆن دەبێت. ئەمە شتێکی دووبارەیەوە و لە شتێکی دووبارە دەسووڕێینەوە کە شتێکی زۆر خرابە ئێمە وا دەبینین ئەمە مەوزووعێکی زۆر جیدییە و دەبێت ئێمە و بەغدا بگەینە حعل و چارەسەرێک لەسەر کۆی مەسەلەکان و دەستوور و بەند و مافەکانی دەستوور لەو مەسەلە چی دەڵێت و ئەگەر ئیختیلافاتیشمان هەیە لەسەر دەقی دەستوور دەبێت پەنا بەرینە بەر مەحکەمەی ئیتیحادی. دەبێت موئەسساتی فیدرالی دروست بن و دەبێت دەستوور حاکم ببێت و هەموو لا پێبەند بن بە دەستوور.

ئێمە وەکوو یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و وەکوو هەرێمی کوردستانیش ڕازین بەوەی کە گفتوگۆیێکی جیددی لەسەر هەموو شت بکرێت بەپێی دەستوور.

کوردپرێس: ئایا بە لە بەرچاو گرتنی دۆخ و هەڵویستی هەردوو لایەنەکە واتا هەولێر و بەغدا، ئێستا زەمینە لەبارە بۆ ڕێێکەوتنێکی دوو لایەنە؟

خەلیل ئیبراهیم: ئەوەی من دەیبینم ئەگەر زەمینەش نەبێت ناچارن و ئەو زەمینە فەراهەم بکەن. دەبێت بەغدا باش ئەمە بزانێت و وەزعەکە ئاڵۆز نەکەن و زەخت فشاری زۆرتر بخەنە سەر ئێمە. ئێمەش وەکوو هەرێمی کوردستان دەبێت سادق و ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە و خەمخۆرانە بۆ خۆمان و عێراق بچنە پێش و بڵێین ئەم عێراقە دەبێت بکرێت بە عێراقێکی فیدراڵ و نابێت خەڵکی هەرێمی کوردستان باجی ئیختیلافاتی سیاسی بدات. نابێت بەغدا کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بەسەر خەڵکی هەرێمدا ڕاست بکاتەوە، بۆ نموونە ئەگەر پارێزگای بەسرا کێشەیێکی ئاوەهای ببێت ئەکرێت عقووبەی خەڵکی بەسرا بدرێت؟ یان خەڵکی عەمارە و ناسریە عقووبەتیان بدرێت؟ و عقووبەی خەڵکی نەجەف و کەربەلا بدرێت لەبەر ئەوەی موحافیز یان کەسێکی باڵادەست لەوێ یان حکوومەتی خۆجێیی لەوێ گونجاو نییە لەگەڵ حکوومەتی ئیتیحادی. ئەوە نابێت خەڵکی هەرێم و فەرمانبەرانی ئەم ناوچەیە باجی ئەو مەوزووعە بدەن.

کەوایە ئێمە دەڵێین زەمینە دەبێت دروست بکرێت و بە جیددی بچینە پێش، من دەڵێم دەبێت ڕاستگۆ بین لەگەڵ یەکتر و بەغدایش و هەرێمی کوردستانیش. دەبێت ئەمەش بزانین ئێمە ڕێگاچارەی دیکەمان نیە و نابێت چاوەڕێی ڕێگاحەلێکی دیکە بین و خۆمان بەزەییمان بە خۆماندا بێتەوە و ئایندەی خۆمان لەبەرچاو بگرین و با لەو کێشانە دەربچین و قەیرانەکان تێپەڕێنێن.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189180

Your Comment

You are replying to: .
captcha