لە ئەنقەرە گەنجێک بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرت بە چەقۆ کوژرا

بەشی تورکیا- شەوی ڕابردوو لە شاری ئەنقەرە گەنجێکی تەمەن 20 ساڵانی کورد، بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی دەگرت، بە چەقۆ کوژرا.

کوردپرێس: بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی مەزۆپۆتامیا، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی بارش چاکان کە خەڵکی ناوچەی پاتنۆسی ئاگریبوو گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، بەڵام کاتژمیر ٢٢:٣٠ شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئالسانجاکی ناوچەی ئەتیمەسگوتی شاری ئەنقەرە هێرش کرایە سەری و چەقۆیێکیان لەدڵی دا و کوشتیان.

بەوتەی کەسوکاری گەنجە کوژراوەکە، بارش چاکان لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی سەردانی هاوڕێکانی لە پارکی گەل بکات، بەڵام لە ڕێگادا بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، لە لایەن سێ کەسەوە هێرشی کراوەتە سەر.

باسی ئەوەش دەکرێت ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر بارش چاکان خەڵکی شارەکانی یۆزگات، کرککالە و تۆکاتن، لەبارەی ناو و ناونیشانی هێرشبەران هیچ زانیارییێک بڵاو نەکراوەتەوە.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا بارش چاکان، لە شوێنی ڕووداوەکە گیان لەدەست دەدات، هەرسێ هێرشبەرەکە دوای ڕووداوەکە دەستگیرکراون.

کوژرانی ئەو گەنجە ناڕەزایی لێکەوتووەتە و لە ئێستادا هەڵمەتی ئیدانەکردنی ئەو کارە لە تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا لەلایەن خەڵک و چالاکوانانەوە بەڕێوەدەچێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 178900

Your Comment

You are replying to: .
captcha