كه‌مپى ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان داده‌خرێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشكرای كرد، زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار خێزانى ئاواره‌ى ئێزدى گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شنگال، وه‌زاره‌تى كۆچ ‌و كۆچبه‌رانى عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رجه‌م كه‌مپى تایبه‌ت به‌ئاواره‌كانى ناوخۆى عێراق داده‌خه‌ن.

کوردپرێس:

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبەیاننامەیێکدا ئاشكرای كردووه‌، هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ بەهێزکردنی ئاسایش ‌و سەقامگیری لە زۆرینەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بەمەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر جێگای خۆیان.

باسى له‌وه‌شكردوه‌، هێزەکانی سەر بەفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژئاوای نەینەوا سەرپەرشتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ ناحیەی زوممارو قەزای شەنگال کردووە.

لەبەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە، "تێکڕای ئەو خێزانە ئێزدیانەی لەلایەن فیرقەی 15ى سوپای عێراقه‌وە گەڕێنراونەتەوە سەر زێدی خۆیان بریتی بووە لەسێ هه‌زارو 741 خێزان، هەروەک فیرقەی 20ى سوپاش سێ هه‌زارو 706 خێزانیان بۆسەر زێدی خۆیان گه‌ڕاندۆته‌وه‌.

جەخت لەوەش کراوەتەوە، هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوامن بۆ پاککردنەوەی هەموو گوندەکانی ناوچەکە تاوەکو ئاوارەکان بۆسەر جێگاو ڕێگای خۆیان بگێڕنەوە.

لەماوەی ڕابردوشدا وەزارەتی کۆچ‌و کۆچبەرانی عێراق بڕیاریدا کە هەموو ئەو که‌مپانە دابخات کە ئاوارەکانی نێوخۆی عێراقیان تێدایەو ژمارەیان 28 که‌مپە.

عەلی عەباس وتەبێژی ئه‌و وەزارەته‌ ڕایگەیاندووە، تائێستا 20 که‌مپیان داخستووە و 28 که‌مپیش ماون، کە 26یان لە هەرێمی کوردستانن ‌و دوو که‌مپیشیان لەدەرەوەی هەرێمی کوردستانن.

هەروەک لەماوەی ڕابردوودا چەندینجار بەرپرسانی ئێزدی لەقەزای شەنگال پارتی دیموکراتی کوردستانیان تۆمەتباردەکرد بەوەی ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکانی نیشتەجێی که‌مپەکانی هەرێمی کوردستان درووستدەکات.

باس لەوەکراوە، پارتی بەمەبەستی بەکارهێنانی دەنگی ئەو ئاوارانە لەسوودی خۆی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ڕێگە بەگەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆسەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان لەقەزای شەنگال نادات.

News Code 1745

Your Comment

You are replying to: .
captcha