کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەممە 2021/4/20 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ کران.
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دووپات کردەوە و داواشی کرد لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵی پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات، کە 10 مانگ دەبێت، حکوومەتی فیدراڵی هیچ بەشە مووچەیێکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان هیوای خواست پەسەندکردنی یاسای بودجە، ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیكه بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور، بە تایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمى كوردستان، کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیی عێراق دەبێت.
مهسروور بارزانى ههروهها تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتى ههرێمى كوردستان بە ئاراستەی ڕێکخستنەوە و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و برەودان بە شەفافیەت و سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی.
سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان ئاماژەی بەوەش دا، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئاسانکارییێکی پێویست پێشکەشی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ دەکات بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکاندا.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان وەڵامی پرسیارەکانی کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپای دایەوە.
Your Comment