کوردپرێس:
سەید مالک هاشمی وابەستەی فەرهەنگیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی لەبارەی پێوەندیی فەرهەنگیی ئێران و هەرێمی کوردستان بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە: لە بەر ڕۆشناییی هاوبەشیی فەرهەنگیی ئێران و هەرێمی کوردستان کاری باش بۆ پەرەپێدانی پێوەندییە فەرهەنگییەکانی نێوان هەردوولا کراوە و پڕۆژەی زانستیی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانی هەرێم و دایرەی ڕۆشنبیریی سلێمانی ئەنجام دراوە. نموونەیێکی ئەو کارانەش بریتییە لە ئاڵوگۆڕکردنی مامۆستا و خوێندکار لەگەڵ زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی و زانکۆی هەڵەبجە و گەرمیان و هەروەهاش زانکۆی چەرموو و زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
هاشمی لەبارەی خوێندنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ئێران بە کوردپرێسی گوتووە: دامەزراوی فەرهەنگیی ئێران لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئاسانکاری کردن بۆ خوێندکارانی خوازیاری خوێندن لە زانکۆکانی ئێران لە ساڵی 1398دا توانیی 100 خوێندکار لە زانکۆکانی ئێران وەربگرێت.
ناوبراو لەبارەی ژمارەی زۆری خوازیارانی خوێندن لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی و ئاسانکارییە فەرهەنگییەکان بۆ بەڕێوەبردنی خولی فێرکاریی زمان فارسی لە هەرێمی کوردستان بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووەلە بەر ڕۆشناییی ئەوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان زمانی کوردی و فارسی زۆرن و پێوەندیی فەرهەنگی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی پتەو لە نێوان دوو لایەندا هەیە، ژمارەی خوازیارانی خوێندن لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی زۆرن هەر بۆیەش بە پشتگیریی نوێنەری فەرهەنگی، خولی فێرکاریی زمانی فارسی بە ڕێژەیێکی زۆر لە زانکۆکانی هەرێم و لە چەند دامەزراوەیێکی شاری سلێمانی کراوەتەوە و تا ئەم کاتە نزیکەی 300 کەس توانیوانە لە تاقیکردنەوەی پێشکەوتووی زمانی فارسیدا شەهادە وەربگرن. لە ساڵی 1398دا بۆ یەکەم جار تاقی کردنەوەی "سنجش مهارتەای فاری (سامفا) وەک گرینگترین تاقی کردنەوەی لێهاتوویی لە زمانی فارسی، لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوە چوو و پشت بە خوا لە داهاتوویێکی نزیکدا دووهەم تاقی کردنەوەی سامفا لەو زانکۆیە بەڕێوە دەچێت.
هاشمی لەبارەی پێوەندییە فەرهەنگییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئەوەشی بۆ کوردپرێس ڕوون کردەوە کە لە بواری فەرهەنگیدا چەند دەستەیێکی هونەری لە پارێزگای کوردستانەوە بە هاوکاریی دایرەی ڕۆشنبیریی پارێزگای سلێمانی بانگهێشت کراون و ئەو چەند گرووپە توانیویانە چەندین بەرهەم پێشکەشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەن و شانۆی سەرشەقام و پێشانگای وێنە و کاری هونەریی دیکەش لە لایەن هونەرمەندانی ئێرانییەوە نمایش کران.
وابەستەی فەرهەنگیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی هیوای ئەوەشی خواست کە پاش کۆتاییهاتنی کێشەی کۆرۆنا ڤایرۆس کۆی چالاکییە فەرهەنگی و زانستییە هەڵپەسێردراوەکان بخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە و پێوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە بواری فەرهەنگی و زانستی پەرەی زیاتری پێبدرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment