بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى مەسروور بارزانى سەرۆکى حکوومەت کۆبوونەوەى هەفتانەى خۆی لە رێی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە ئەنجام دا و تیایدا چەند بڕیارێکى دەرکردوە کە یەکێک لەوانە بڕیاریدا پشووی فەرمی دامودەزگاکانی حکوومەتە کە تا 2ی ئایار درێژ بکرێتەوە و رێکارەکانی خۆپارێزیش بەردەوام بن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەشدار بوو ، دۆخی تەندروستی و ئابووری هەرێمی کوردستان هەڵسەنگێنرا و دوایین پێشهات و پلانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تاوتوێ کرا.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بارگرانی لە سەر خەڵک سووک بکەین بە شێوەیێک کە کاریگەریی لە سەر جێبەجێ کردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەکان نەکات.
لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزیری ھەرێم بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئامادەکاریی ناردنی شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان بەمەبەستی بەدواداچوونی ماف وشایستەکانی ھەرێمی کوردستان ویەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا و قەیرانی بارودۆخی دارایی لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش.
ئەنجومەنی وەزیران لە 32مین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، داوای کرد کە حکوومەتی فیدراڵی عێراق بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە و قەرەبووکردنەوەی سەرجەم ئەو زیانانەشی بەر ھەرێمی کوردستان کەوتوون لە دەرئەنجامی سیاسەتی کاولکاریی رژێمەکانی پێشوو وەک لە دەستووردا بە ئاشکرا جێگیرکراوە.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هێرشی حەفتەی رابردووی تیرۆرستانی داعشیشی بۆ سەر شارۆچکەی کوڵەجۆ ئیدانە و شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند ئەمەش ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ھێشتا مەترسی تیرۆر ماوە و کۆتایی پێنەھاتووە، ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هێزی پێشمەرگەشی کرد کە جگە لە راپەڕاندنی ئەرکی پاراستنی ھەرێم لە ھێرشی تیرۆریستان، یارمەتی ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆش دەدات بۆ جێبەجێ کردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment