بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدوڵڵا وەرتی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند: کازمی کەسایەتییێکی غامزە و مامەڵە لەگەڵیدا بەبێ لەیەکترتێگەیشتن و ڕێککەوتن یاخود پشتیوانی لێکردنی هەڵەیێکی سیاسی گەورەیە، هەروەها ئەوەندەش کاریگەر نیە لەساحەی عێراقی، چوونکە نە خاوەنی حزبێکی سیاسیە نە میلیشیای چەکداریشی هەیە، تاکوو لایەنەکان ناچاربن ڕێکەوتنی دوورمەودای لەگەڵ واژۆ بکەن.
عەبدوڵڵا وەرتی وتیشی لە بارودۆخی ئێستای عێراق پێناچێت بتوانێ شتێک بۆ کورد بکات، مەترسی زۆریش هەیە بتوانێت تەنانەت شایستەداراییەکانی هەرێمیش وەک خۆی بنێریت بە مووچەی فەرمانبەرانیشەوە، چوونکە لەوانەیە لایەنە شیعیەکان فشاری گەورەی بۆبێنن بە ئامانجی فشاری ئابووری لەسەر هەرێم، چوونکە پێناچێت بەبێ ڕەزامەندی ماڵی شیعە بڕیار بدات، چوونکە کاندیدی ئەوانە و زۆربەی لایەنە سەرەکیەکان پشتیوانی لێدەکەن و هاوکاری دەبن بۆ پێدانی متمانە، بەمەش ئیلتیزامی گەورەی بۆ دروست دەبیت بەرامبەر ماڵی شیعە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد، ڕاستە کازمی لە کوردستان ژیاوە و دۆستایەتی باشییشی هەیە لەگەل سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تریش، هەندێک هەڵوێستی ئەرێنیشی هەبووە لە ڕابردوودا سەبارەت بە کێشەکانی کورد لەگەڵ بەغدا، بەڵام پێناچێت ئەوە کافی بێت بۆ پشتیوانی پێشوەختەلێی بەر لە ڕێکەوتنی واژۆ کراو لەگەڵیدا، چوونکە ئەو کەسایەتیە بەهێزە نیە بتوانێت پابەندبێت بە سۆز و عەتفی ڕابردووی.
وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی سەبارت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ڕایگەیاند: کێشەکانی هەرێم ئەوەندە زۆرن لەگەڵ بەغدا ئەستەمە کازمی بتوانێت چارەسەریان بکات، تەنانەت باوەڕ ناکەم بتوانێت دەستیشیان بۆ بەرێت بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنیان لەوانەیە خۆشی لێببوێرێت بەهۆی زۆری قەیرانەکانی عێراق و ئاڵۆزی ناوچەکە هەر نەپڕژێتە سەرئەوە.
عەبدوڵڵا وەرتی جەختی لەوەش کردەوە، لەوانەیە هەندێ پۆستی ڕۆتینی بدات بە کورد وەک ئەوانەی پێشوتر، بەڵام لەو ژمارانە زیاتر هیچی لەدەست نایەت، پێشتر دەیان کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ئەوکەس و لایەنە دەکرا کە حکوومەتی پێکدەهێنا، بەس ئێستا تەنها لە شاشەی تیڤییەکانەوە یەکتر دەدوێنن، پێموایە ئەوەش خۆدانە دەست قەدەر و ویژدانی ئەوکەسەیە کە حکوومەت پێکدێنێت نەک لۆژیکی سیاسی و مسۆگەرکردنی مافە سیاسی و یاساییەکان بۆ هەرێم.
وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕوونیشی کردەوە، هەمیشە چارەنووسی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەبەردەم ئەگەری مەترسیدار و ناڕۆشندایە و قەیران دوای قەیران کەڵەکە دەبیت سەرە مانگ نیە لەسەر هاتن و نەهاتنی مووچە لە بەغداوە گەورەترین ئاریشەی کۆمەڵایەتی و دەرونی لە کوردستان دروستنەبێت، چوونکە تا ئێستا ڕێکەوتنی کۆنکرێتی نەکراوە لەگەڵ بەغدا و ناشکرێت، بەڵام خۆدەکریت بەر لە پشتیوانی لێیان هەندێک زەمانەت بۆ بەشێک لە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەربگیرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment