یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ئاستی باڵا كۆ ده‌بنه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ده‌ڵێت: به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌سه‌ر پێکهێنانی پاکێجی هاوبه‌ش بۆ دانووستانی کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌فدی باڵای یه‌كێتی و پارتی كۆ ده‌بنه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ڕای‌گه‌یاند: ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16ی 7ی 2018 وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ ده‌بنه‌وه‌.

ناوبراو وتیشی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له ‌بارودۆخی هه‌نووكه‌ییی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت و هه‌روه‌ها باس له ‌پاكێجی هاوبه‌ش بۆ شێوازی دانووستانه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كرێت كه‌ له ‌كۆبوونه‌وه‌ی ڕابردوودا بڕیار درا لیژنه‌یێكی هاوبه‌ش ئه‌و پاكێجه‌ ئاماده‌ بكات".

هه‌ر له‌وباره‌وه‌ ئاراس حه‌سۆ میرخان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی ده‌ڵێت: بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ 16ی ته‌مووز كۆبوونه‌وه‌یێكی باڵا له ‌نێوان پارتی و یه‌كێتی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌یێكی هاوبه‌ش دابنرێت بۆ سه‌ردانی به‌غدا و وتووێژ كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق.

ناوبراو وتیشی: "له‌ سبه‌ینێوه‌ بانگه‌وازێک بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش به‌شداری له‌ ئاماده‌ كردنی پاكێجه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ بكه‌ن كه‌ بۆ دانووستاندن له‌ به‌غدا ئاماده‌ ده‌كرێت".

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16567

Your Comment

You are replying to: .
captcha