حه‌یده‌ر عه‌بادی: هه‌موو هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراق بچنه‌ حاڵه‌تی پله‌ جیمه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ھێزه‌ ئه‌منییه‌کانی له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتدا خسته‌ ئه‌وپه‌ڕی حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌ ئه‌وه‌ش له ‌وه‌ڵامی خۆپیشاندانه‌کانی پارێزگاکانی باشوور.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژه‌ خۆپیشاندان له‌ پارێزگاکانی باشووری عێراق به‌رده‌وامه‌ و خۆپیشاندانه‌کان سه‌ره‌تا له‌ پارێزگای به‌سره‌وه‌ بۆ داواکردنی ھه‌لی کار و خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان ده‌ستی پێکرد و دوێنێ شه‌ممه‌ 14ی ته‌مووز خۆپیشاندانه‌کان عه‌ماره‌ و ناسریه‌ و نه‌جه‌فیشی گرته‌وه‌.

به‌پێی ھه‌واڵێکی ئاژانسی ھه‌واڵی ڕۆیته‌رز، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانی ده‌رکردوووه‌ که‌ ھێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌وپه‌ڕی حاڵه‌تی ئاماده‌باشی (پله‌ جیم)دا بن.

ڕۆژی 14ی ته‌مووز چه‌ند یه‌که‌یێکی سه‌ربازی له‌ ھێزه‌کانی دژه‌تیرۆر و فیرقه‌ی نۆیه‌می سوپای عێراق به‌ره‌و به‌سره‌ نێردراون.

عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌کانی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشانده‌ران ده‌ربڕی و ڕای‌گه‌یاند: خۆپیشانده‌ران له‌م ھاوینه‌ گه‌رمه‌دا له‌ ئاو، کاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی دیکه‌ بێبه‌ش بوون.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16526

Your Comment

You are replying to: .
captcha