وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕەتی دەکاتەوە ئەمریکا چەکی لە هێزەکانی وەرگرتبێتەوە

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌مریكا داوای‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ چه‌كه‌كانی‌ له‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كردبێت و به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت "به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی‌ دیكه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌كه‌ن".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت: "به ‌هیچ شێوه‌یێک ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان نه‌ داوای‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ چه‌كه‌كانی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ كردوووه‌ نه‌ داوای‌ جه‌ردی چه‌كه‌كانیشی‌ له ‌پێشمه‌رگه‌ كردوووه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ ناو خه‌ڵكدا باسی لێوه‌ده‌كرێت پڕوپاگه‌نده‌یه ‌و هیچ بنه‌مایێی‌ نییه‌".

ناوبراو وتیشی‌: "ئه‌مریكا داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ چه‌كه‌كانی‌ له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌كردوووه‌ به‌ڵكوو بڕیاری داوه‌ هاوكاریی زیاترمان بكات و بڕیاریشه‌ له‌ ماوه‌ی‌ داهاتوودا چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی زیاتر ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێمی كوردستان بكات و دوو لیوای‌ پێشمه‌رگه‌ پڕچه‌ک بكاته‌وه‌".

ڕونیشیكرده‌وه‌، "ئه‌و ڕاوێژكاره‌ بیانیانه‌ی‌ پێشتر له ‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ مه‌شقیان به ‌هێزه‌كانمان كردوووه‌ به‌رده‌وامن و سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ پێشتر له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر به‌رده‌وامن و هیچ گۆڕانکارییێکی تێدا نه‌كراوه‌".

به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ "به ‌هیچ شێوه‌یێک نه‌ ئه‌مریكا و نه‌ هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانانیش داوایان له ‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌كردوووه‌ كه‌ جه‌رد بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازیی و هاوكارییانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بكرێت كه ‌پێشتر له‌ شه‌ڕی‌ داعشدا پێیان دراوه‌".

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (‌SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16358

Your Comment

You are replying to: .
captcha