کوردپرێس- که‌رکووک وه‌کوو گرینگ‌ترین پارێزگای جێناکۆکی نێوان قه‌ومییه‌ته‌کانی عێراق به تایبه‌ت کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان به‌رده‌وام مه‌کۆی موناقیشه‌ی سیاسی و سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته بوووه. کۆنتڕۆڵکرانی ئه‌و پارێزگا نهوتخێزه له‌لایه‌ن هێزی ئه‌منی و سه‌ربازیی هه‌رێمی کوردستانه‌وه پاش هێرشه‌که‌ی داعش بۆ عێراق (ساڵی 2014) و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی درا بۆ لکاندنی که‌رکووک به هه‌رێمی کوردستانه‌وه وه‌رزێکی نوێی کرده‌وه له ساحه‌ی سیاسیی عێراق و ناکۆکیی له‌مێژینه‌ی کورد و حکوومه‌تی ناوه‌ند. ڕووداوه‌کانی 16ی ئه‌کته‌وبری 2017 هه‌موو پڕۆژه و پێشبینیی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی کوردی سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی که‌رکووک و ناوچه جێناکۆکه‌کان دا به ئاودا و ئه‌و پارێزگایه پێی نایه قۆناغێکی نوێی حه‌یاتی سیاسیی خۆیه‌وه. ئه‌و قۆناغه‌ش ئه‌وه بوو که عه‌ره‌ب و تورکمان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سه‌ربازی و سیاسیی که‌رکووکیان به‌ده‌سته‌وه گرت و کورد له چاو ڕابردوو خرایه په‌راوێزه‌وه. به‌ره‌ی تورکمانی عێراق یه‌ک له‌و ڕه‌وته سیاسییانه‌ی که‌رکووکه که توانیی له قۆناغی نوێ‌دا ده‌وری کاریگه‌ری و شوێنهدانهرتر له ڕابردوو بگێڕێت و له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقیشدا له کۆی 12 کورسیی پارێزگای که‌رکووک سێ کورسیی مسۆگه‌ر کرد. ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانی عێراق گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس کردوووه و تێیدا هه‌ڵوێستی ئه‌و به‌ره‌یه له‌سه‌ر کێشه‌کانی که‌رکووک ڕوون ده‌کاته‌وه و تیشکیش ده‌خاته سه‌ر دژایه‌تیی به‌ره‌ی تورکمانی له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ که‌رکووک و پێی وایه چاره‌کردنی کێشه‌ی ناوچه‌ی جێناکۆک له ڕێگای ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقه‌وه ناکرێت.
ده‌قی دیمانه‌که:
کوردپرێس: هه‌وڵ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ که‌رکووک ده‌کرێت و هه‌وڵ بۆ ئه‌و بابه‌ته له‌ئارادایه هه‌ڵوێستی ئێوه له‌وباره‌وه چییه؟
ئه‌رشه‌د ساڵحی: ئێمه جه‌خت ده‌که‌ینه‌وه پێشمه‌رگه ئه‌مڕۆکه پشتگیریی به‌ره‌یێکی سیاسی یان قه‌ومییه‌تێکی دیاریکراو ده‌کات و ئێمه‌ش کۆمه‌ڵێک کێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه سیاسییه هه‌یه هه‌ر بۆیه‌ش نابێت پێشمه‌رگه وه‌کوو هێزێکی قه‌ومی و حیزبی بۆ پاراستنی ئاسایشی که‌رکووک بگه‌ڕێته‌وه. ئێمه ده‌مانه‌وێت هێزێک ناوچه‌که بپارێزێت که سه‌ر به هیچ حیزبێکی سیاسی یان هیچ قهومییهتێک نه‌بێت هه‌ر بۆیه‌ش هێزی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌که به‌سه چوونکه نامانه‌وێت له‌گه‌ڵ برایانی خۆمان له سلێمانییش تووشی مه‌شاکیل ببین. ئاسایشی که‌رکووک په‌یوه‌نده به ئاسایشی عێراقه‌وه چوونکه ئه‌گه‌ر ئاڵۆزی له که‌رکووک په‌ره بسێنێت به‌و مانایه ده‌بێت که له هه‌موو عێراق په‌ره‌ی سه‌ندوووه. ئه‌مڕۆ ته‌نها هێزی عێراقی به‌سه و ئه‌و هێزانه‌ش لێره‌ن و ده‌کرێت بۆ دابین کردنی ئاسایشی ناوچه‌که و که‌رکووک و ناوچه جێناکۆکه‌کانیش ئاڵوگۆڕی هه‌واڵگری و زانیاری له نێوان پێشمه‌رگه و ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌نجام ببێت.
کوردپرێس: باس له‌وه ده‌کرێت که دانووستان له نێوان لایه‌نه کوردییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ لایه‌نی هێزی ئه‌مریکی و به تایبه‌ت به‌ریتانی له‌ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه که‌رکووک ئایا ئێوه ئاگاداری ئه‌و دانووستانانه هه‌ن؟
ئه‌رشه‌د ساڵحی: ئێمه له ڕێگای میدیاکانه‌وه ئه‌و هه‌واڵه‌مان پێگه‌یشت و قبووڵیشی ناکه‌ین چوونکه ده‌بێته‌هۆی هه‌ماهه‌نگیی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازیی نێوان دوو لایه‌ن و ئێمه‌ش به‌شداریی تێدا ناکه‌ین. ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه له هه‌موو دانیشتوووانی ئه‌و ناوچانه پێک‌بێت که پێشمه‌رگه‌ی تێدا نییه و تورکمان و کورد و عه‌ره‌ب پێکه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ و هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی به‌شداریی تێدا بکه‌ن به‌ڵام ڕێگه‌پێدان به پێشمه‌رگه له ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش به یاوه‌ریی ئه‌مریکییه‌کانیش ههنگاوێکی هه‌ڵه‌یه و له لای ئێمه‌وه قبووڵ ناکرێت چوونکه به قازانجی حیزبێکی دیاریکراو و یه‌ک لایه‌نی سیاسیی تایبه‌ت پرسی ئاسایشی که‌رکووک له‌ناو ده‌بات و ئه‌وه‌ش هه‌رگیز یارمه‌تیی ئاسایشی ناوچه‌که نادات.
کوردپرێس: یه‌کێتی له که‌رکووک ئێوه به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کات که هاوکاریی وڵاتی تورکیاتان کردوووه و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنتان ده‌ستکاری کردوووه وه‌ڵامتان بۆ ئه‌و تۆمه‌تانه چییه؟
ئه‌رشه‌د ساڵحی: ئێمه به‌رده‌وام به یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان‌مان وتوووه که خۆتان یه‌ک بخه‌ن و به‌ره‌یێکی یه‌کگرتوو بن و له‌گه‌ڵ ئێمه له‌سه‌ر یه‌ک مێز دابنیشن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ره‌چه‌یێکی ڕوون بۆ درێژه‌پێدانی پێوه‌ندیی نێوانمان بکه‌ینه‌وه. هاوکات هیوادارین پێوه‌ندیی نێوان یه‌کێتی و تورکیا نه‌پچڕێت. تورکیا لایه‌نێکی هه‌ره‌گرینگی سه‌قامگیرییه له ناوچه‌که هه‌روه‌ها که ئێرانیش هۆکارێکی سه‌ره‌کیی سه‌قامگیریی ناوچه‌که‌یه بۆیه ده‌بێت ڕێککه‌وتنێکی سیاسی له نێوان به‌ره‌ی تورکمانی و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌سه‌ر پرسی ئاسایشی ناوچه‌که هه‌بێت.
کوردپرێس: پاش ئه‌وه‌ی حوکمی که‌رکووک که‌وته ده‌ست حکوومه‌تی ناوه‌ند دۆخی ئه‌و پارێزگایه چۆن ده‌بینن؟
ئه‌رشه‌د ساڵحی: ئه‌وه به قازانجی که‌س نییه که که‌رکووک به ده‌ست قه‌ومێکی تایبه‌ته‌وه بێت و ئێمه‌ش نیگه‌رانین له‌وه‌ی داعش و گرووپه سیاسییه‌کان ئه‌و ناکۆکییه سیاسییه بقۆزنه‌وه هه‌ر بۆیه‌ش پێشنیاری خۆمان بۆ برایانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستا دووپات ده‌که‌ینه‌وه که ڕیزه‌کانی خۆیان بپارێزن و یه‌کگرتوو بن پاشان له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین بۆ ئه‌وه‌ی ڕاوێژی سیاسی و ئه‌منییان له‌گه‌ڵ بکه‌ین له‌سه‌ر پرسی پارێزگاکه.
کوردپرێس: داهاتووی که‌رکووک و ناوچه‌کانی ماده‌ی 140 پاش ئه‌م قه‌یرانه سیاسییه و هه‌ڵبژاردنی عێراق چۆن ده‌بینن؟
ئه‌رشه‌د ساڵحی: ماده‌ی 140 زیاتر له 14 ساڵه یه‌کلا نه‌بۆته‌وه هه‌ر بۆیه‌ش وا ده‌رده‌که‌وێت پێویست به ماده‌ی 140 نه‌ماوه و ئێستا له نێوان نوخبه‌کان و سیاسه‌توانه کورده‌کانی که‌رکووکدا ڕه‌وتێک باو بوووه و پێیان ده‌ڵێین هه‌ولێر و سلێمانی دوور بکه‌ونه‌وه له به‌دواداچوون بۆ ماده‌ی 140 بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش نوێنه‌ره‌کانی که‌رکووک له هه‌ر سێ لایه‌نی به‌ره‌ی تورکمان و یه‌کێتیی نیشتمانی و عه‌ره‌به‌کان پێکه‌وه دابنیشین و به بێ کارتێکه‌ریی هه‌ولێر و سلێمانی پرسی که‌رکووک و خورماتوو تاوتوێ بکه‌ین چوونکه هه‌ولێر و سلێمانی بابه‌ته‌که دژوارتر ده‌که‌ن ئه‌وه‌ش له حاڵێکدایه ئێمه نوێنه‌رانی که‌رکووک ده‌توانین ده‌ره‌چه‌یێکی باش بۆ یه‌کلا کردنه‌وه‌ی دۆخی تایبه‌ت له‌سه‌ر ئیداره‌دانی پارێزگای که‌رکووک بدۆزینه‌وه.
کوردپرێس: گریمان ڕێککه‌وتن کرا له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ که‌رکووک هه‌ڵوێستی ئێوه وه‌کوو لایه‌نی تورکمانی چی ده‌بێت؟
ئه‌رشه‌د ساڵحی: سه‌ره‌تا وتم و ده‌یڵێمه‌وه ئێمه پێشمه‌رگه به دوژمن نازانین به‌ڵام هاتنی ئه‌و هێزه بۆ که‌رکووک به‌م شێوه‌یه و به بێ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێمه مانای ئه‌وه ده‌بێت که‌رکووک جارێکی‌تر داگیر ده‌کرێته‌وه. بێگومان کۆمه‌ڵێک کێشه ڕوو ده‌دات، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هه‌ندێک ململانێ و موناقشه سه‌رهه‌ڵده‌دات و هه‌رگیز ئه‌و بابه‌ته یارمه‌تیی ئاشته‌وایی ناوخۆیی و کۆمه‌ڵایه‌تی نادات.
دیمانه: حه‌سه‌ن ساڵحی
داگرتن و داڕشتنه‌وه: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment