کوردپرێس:
لە هەڵبژاردنەکانى تورکیادا لە کۆى نزیکەى ٨٢ ملیۆن هاووڵاتیى ئەو وڵاتە نزیکەى ٦٠ ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە، کە دەنگدەدەن بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنى ٦٠٠ ئەندام بۆ پەرلەمانى تورکیا.
لە ناوخۆى تورکیادا ٥٦ مليۆن و ٣٢٢ هەزار و ٦٣٢ هاوڵاتى مافى دەنگدانیان هەیە و لەو ڕێژەیە ژنان نیوەى زیاترى دەنگدەرانى تورکیا پێکدەهێنن کە دەکاتە لە سەدا ٥٠ و پۆینت ٧٦، هەروەها ١٨٠ هەزار و ١٩٦ بنکەى دەنگدان لە سەرتاسەرى ئەو وڵاتەدا بەڕووى دەنگدەراندا دەکرێنەوە.
لە دەرەوەى ئەو وڵاتەش سێ ملیۆن و ٤٧ هەزار و ٣٢٨ کەس مافى دەنگدانیان هەبوو کە ملیۆنێک و ٤٨٦ هەزار کەسیان لە ڕۆژانى ٧ تا ١٩ى ئەم مانگە بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کرد کە دەکاتە لە سەدا ٤٨ى دەنگدەرانى دەرەوە.
لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا هەشت پارتى سەرەکى بەشدارییان کردووە لەگەڵ ٦٨ کاندیدى سەربەخۆ، هەروەها چوار هەزار و ٨٠٠ کاندیدى سەرجەم حزبەکان کە ٩٧٧ کاندیدیان ژنن کێبڕکێ لەسەر ٦٠٠ کورسى پەرلەمانى دەکەن.
لە هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماری تورکیاشدا، شەش کاندید کێبڕکێى گەیشتن بە کۆشکى سەرۆکایەتی دەکەن.
تورکیا لە ٨١ پارێزگا پێکهاتووە و دابەش کراوە بەسەر ٨٧ بازنەدا و هەریەک لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە سێ بازنە و ئیزمیر و بۆرسە لە دوو بازنە و پارێزگاکانى تر هەریەکەیان بازنەیێکیان بۆ دانراوە.
هەروەها زۆرترین دەنگدەر دابەش بووە بەسەر شارە گەورەکانى ئەستەنبوڵ کە ١٠ ملیۆن و ٥٥٩ هەزار و ٦٨٦ دەنگدەرى تێدایە و ٩٧ کورسی پەرلەمان پێکدەهێنێت، ئەنقەرەى پایتەختى ئەو وڵاتەش سێ ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٥٨٥ دەنگدەرى تێدایە کە دەکاتە ٣٦ کورسی پەرلەمان، هەروەها لە پارێزگاى ئیزمیر سێ ملیۆن و ٢٢٧ هەزار و ٣٢ کەس دەنگدەدەن کە ٢٨ کورسی دەکات.
لەسەر ئاستى شارە کوردنشینەکانیش کە پێکەوە ١٣١ کورسی پەرلەمانیان بۆ دانراوە، دیلۆک و ڕوحا و ئامەد زۆرترین ڕێژەى کورسی پەرلەمانیان بۆ دیاریکراوە، کە دیلۆک و ڕوحا هەریەکەیان ١٤ کورسییان بۆ دانراوە و ئامەدیش کە ملیۆنێک و ٢٣ هەزار و ٣٨٩ دەنگدەر لەخۆدەگرێت ١٢ کورسی پەرلەمانى بۆ دانراوە.
لە هەڵبژاردنى ئەمجارەى پەرلەمانى تورکیادا، دوو هاوپەیمانى و سێ حزب بەشدارن و بەپێی یاساى هەڵبژاردنەکان هەر حزب و هاوپەیمانێتییێک نەتوانێت لە سەدا ١٠ى دەنگەکان بەدەست بهێنێت، ناتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە و دەنگەکانى بۆ حزبە براوەکان دەچێت.
لە هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماریشدا کە شەش کاندید کێبڕکێ دەکەن، ئەگەر هیچکام لە کاندیدەکان نەتوانن لە خولى یەکەمدا زیاتر لەسەدا ٥٠ى دەنگەکان بەدەست بهێنن، هەڵبژاردنەکە دەکەوێتە خولى دووەمەوە و ئەو کاندیدەى زۆرترین دەنگ بهێنێت سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.
هەڵبژاردنەکانى تورکیا لەژێر چاودێرى چاودێرانى نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت کە ژمارەیان ٤٠٠ کەس دەبێت و هاوکات ٦٣٥ ڕۆژنامەنووسی بیانى لە ٣٤ وڵاتى جیاوازەوە ڕووماڵى هەڵبژاردنەکان دەکەن.
Your Comment