کوردپرێس:
موقتەدا سەدر لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هاوپەیمانێتیی تێپەڕاندنی تائیفی و نەتەوەیی لە نێوان سائیروون و نەسر رادەگەیێنن، بە مەبەستی پەلەکردن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو و رێککەوتن لەسەر چەند خاڵێکی بنەمای هاوبەش، کە بەرژەوندیی گەلی عێراقی دەستبەر بکات و رۆڵی دەبێت لە پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز، کە خزمەت بە خواست و ویستی گەل دەکات لە سەرجەم بوارەکاندا.
سەدر گوتیشی "لەژێر رۆشنایی ئەم بنەمایانە داوا لە کوتلەکان دەکەین، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیێکی سەرکردایەتی بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو".
لەبارەی بنامەی هاوپەیمانێتییەکەیان، موقتەدا سەدر ئاماژەی بەم خاڵانە کرد:
یەکەم: داواکردنی هاوپەیمانێتییێک کە تائیفی و نەتەوەیی تێپەڕێنێت و سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق لەخۆبگرێت.
دووەم: بەردەوام بوون لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دوورخستنەوە گەندەڵکاران لە پۆست و شوێنەکانی دەوڵەت و حکوومەتدا، ئەوانەی دۆسیەی گەندەڵیان هەیە پێشکەشی دادگا بکرێن. رۆڵی دامەزراوە چاودێرییەکان و بەرەنگاربوونەوە گەندەڵی بەهێز بکرێن.
سێیەم: پێکهێنانی حکوومەتێکی تەکنۆکرات، لە خاوەن تواناکان و دوور لە پشکپشکێنەی بەرتەسک.
چوارم: پشتوانی و بەهێزکردنی سوپاو پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان، چەک تەنیا لە دەست دەوڵەت بێت، پارێزگارکردن لە شکۆ و ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستیانهێناوە.
پێنجەم: دانانی بەرنامەیێکی چاکسازی بۆ پشتوانیکردن لە ئابووری عێراق لە سەرجەم سێکتەرەکاندا.
شەشەم: پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەمووان ، کە بەرژەوەندی و سەروەریی و سەربەخۆیی عێراق دەستبەربکات و دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتان، هەروەک رێگە بە وڵاتانی دیکە نادەین دەستوەربدەنە کاروبای نێوخۆی وڵاتەکەمان.
حەوتەم: پشتوانیکردنی چاکسازیی لە سیستەمی دادوەری عێراق و کاراکردنی رۆڵی داواکاری گشتی.
هەشتەم: پاراستنی یەکێتیی عێراق خاک و گەلەکەی و دووپاتکردنەوە لە رادەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات.
Your Comment