کوردپرێس: مایڵز کاگینز گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە گفتوگۆ لەگەڵ تەلەفیزیۆنی ڕووداو رایگەیاند: یەک لەسەر سێی جیهان لە هاوپەیمانێتییەکەماندا کۆبوونەتەوە، لەبارەی دەستپێکردنی کار و چالاکییەکانیشیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی "لەوانەیە ماوەیێک دوای رەمەزان دەست بە مەشقەکان بکەینەوە".
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە چوار ملیار دۆلار دراوە بە حکوومەتی عێراق و دەشڵێت "سەدان ئۆتۆمبێلی سەربازی و بارهەڵگرمان هێناوەتە عێراق، پاڵپشتیی گەورەی هێزی ئاسمانیی عێراقمان کردووە، بەردەوامیش دەبین لە پێشکەش کردنی یارمەتیی دیکە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە و هەسەدە".
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش باسی لەوە کرد، کار و بەرنامەیان لەگەڵ هەسەدە هاوشێوەی کارەکانیانە لە عێراق، گوتیشی "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەنێو بنکەی هەسەدە بنکەیێکی بچووکیان هەیە. زۆربەی کات لەگەڵ هەسەدە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین و زانیارییان لەسەر چۆنێتیی خۆپارێزی لە کۆرۆنا پێدەدەین".
ناوبراو زیاتر وتی چەند مانگێکە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پلان دادەنێت بۆ گواستنەوەی بنکە سەربازییەکانی لە عێراق بۆ ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا پێگەی خۆمان لە بنکەکانی قایم و گەیارە گواستووەتەوە، لە رۆژانی داهاتوودا دەرچوونی هاوپەیمانان لە کەرکووک و مووسڵ دەبینن.
وتەبێژی هاوپەیمانان ڕاشیگەیاند داعش کۆنتڕۆڵی ناوچەیێکی فراوانی لە عێراق و سووریا کردبوو، مانگی 12ی ساڵی 2017 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یارمەتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەی دا بۆ تێکشکاندنی داعش. لەوکاتەوە هێشتا چەکدارانی داعش ماونەتەوە، ئێمە پێشتر قسەمان لەسەر چەکدارانی داعش لە چیای حەمرین و قەرەچۆخ کردووە. هەندێکیشیان لە نەینەوا و ئەنبار و باکووری بەغدان، هاوبەشیی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوام دەبێت بۆئەوەی دڵنیابین کە خاک بەدەست داعشەوە نامێنێت. ئامانجی ئێمەش تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعشە، بەڵام گەیشتووینەتە ئەو رایەی کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە بە تێپەڕبوونی کات سەلماندوویانە کە ئەوانە سەرکەوتوون. هەرچەندە کۆڤید-19 تەحەدایەکە لەبەردەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە راوەدوونانی داعش لە هەندێک ناوچە و سەرکەوتووشن لە دۆزینەوەی حەشارگەکانی داعش، کۆگاکانی چەک و تەقەمەنییان لێ دەتەقێننەوە، بەردەوامیش گوشار بۆسەر داعش دروست دەکەن.
مایڵز کاگینز گوتیشی: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر داوای حکوومەتی عێراق و لە چوارچێوەی عێراق لە وڵاتەکە دەمێنێتەوە و هاوبەشییەکەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوام دەبێت. دەمەوێ لەسەر ئەمە بوەستم. هاوپەیمانان لەنێو ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا راوێژکاری هەن. لە هەمان ژوور فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراقی، پاسەوانی سنوور، سوپا، لەوبەری ژوورەکەدا ئەفسەرانی هاوپەیمانان هەن کە سەر بە چەندین وڵاتی بیانین. لەنێویاندا ئوسترالیا و ئەمریکا و فینلەندا. بەیەکەوە قسە لەسەر ئۆپەراسیۆنی رۆژانەی تێکشکاندنی داعش دەکەن. لەنێویاندا لەسەر هاوبەشیپێکردنی زانیاریی هەواڵگریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنیکی تایبەت بۆ راوێژکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق قسەدەکەن.
ناوبراو ڕایگەیاند ئەمە هەمووی لەسەر داوای هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، هاوپەیمانان لەو هاوبەشیەیان بەردەوام دەبێت و لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشیش بەردەوام دەبین. لەکاتێکدا کە بەردەوامیشین لە شەڕی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەركێکی گەورەی هەیە کە بەنێو چەندین گۆڕانکاریدا تێپەڕیوە، لەنێویاندا مەشقکردن. ئێمە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش مەشقیان پێدەکەین، لە هەرێمی کوردستان لە چوار سەنتەر مەشق بە پێشمەرگە دەکەین، لە هەندێک سەنتەری مەشقیشدا مەشق بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەین. ئەم مەشقانە وەستاون، لە سەردەمی کۆرۆناوە بەشێوەیەکی کاتی وەستاون، هەندێک لەو راوێژکارانە گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان. هەندێکیان گەڕاونەتەوە فەڕەنسا، کۆماری چیک و بەریتانیا. بەڵام هەریەک لەو وڵاتانە پابەندبوونی خۆیان بە هاوبەشییان لەگەڵ پێشمەرگە، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەربڕیوە، بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر مەشقەکانیان دوای ئەوەی کۆرۆنا بەرەو نەمان چوو.
مایڵز کاگینز وتیشی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە. کار و بەرنامەمان لەگەڵ ئەوان هاوشێوەی کارەکانمانە لە عێراق، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەنێو بنکەی هەسەدە بنکەیێکی بچووکمان هەیە. ئەم هاوپەیمانێتییە بەردەوام دەبێت و لە ئۆپەراسیۆنەکانمان لەوێ بەردەوام دەبین.
وتەبێژ هاوپەیمانان هەروەها ڕایگەیاند: لەنێو ئۆپەراسیۆنەکانمان پارێزگاری کردن لە کێڵگە نەوتییەکان هەیە. داعش دەیەوێ ئەو کێڵگە نەوتییانە بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتیی دارایی بۆ کردەوەکانیان بەکاربێنن، ئەمە چیدی روونادات چونکە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیە دەمێنێتەوە. ئێمە کەسانی سەربازیین، ئێمە دەزانین کە گرووپ هەن هەڕەشە دروستدەکەن، لەوە تێدەگەین کە گرووپ هەن دەیانەوێ ئێمە ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵین، ئەوانەن کە هاوڕا نین لەگەڵ ئێمە. دەمانەوێ ئەو گرووپانە لەناوببەین کە هەڕەشە لەسەر خەڵکی دروستدەکەن، بەتایبەتی داعش. هەموو کەرەستەیەکی بەرگری و توانای بەرگریکردن لە خۆمان لەبەردەستە، بەڵام زۆربەی کات لەگەڵ هەسەدە ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدەین و زانیارییان لەسەر چۆنێتیی خۆپارێزی لە کۆرۆنا پێدەدەین.
مایڵز کاگینز ئاشکراشی کرد لە هەرێمی کوردستان هەزار و 100 سەربازمان هەن کە نوێنەرایەتیی چەندین وڵاتی جیاواز دەکەن، ئەمریکا هێزی لێرە هەیە و چەندین ئیتاڵیش لە ئەرکدان، سەربازمان هەن لە هەنگاریاوە هاتوون، لە فینلەندا و کەنەداوە هاتوون، ئێستا سەربازانمان لە سەنتەری مەشقەکان هێناوەتە دەرەوە، بەڵام کە دەرفەتمان بۆ رەخسا بچینەوە سەر مەشق و راهێنان، دوودڵی لێ ناکەین. وەکو ئاماژەم پێکرد، هێشتا پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، کۆبوونەوە و ڤیدیۆ کۆڵ ئەنجامدەدەین، چونکە ئێمە باوەڕمان وایە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئەم کۆرۆنا مەترسیدارە، گرنگە دەست بە پەیوەندییەکانمانەوە بگرین و بەردەوامبین لە گفتوگۆ، وەکو ئاماژەم پێکرد، گۆڕینەوەی زانیاری لەنێوان ئەندامانی هاوپەیمانی و ئەوانەی ناوم بردن بەردەوامدەبێت. جیهان هەمووی لەسەر ئەوە کۆکن، لە هەندێک باردا وەکو وەڵامدانەوەی جیهانە بۆ داعش. یەک لەسەر سێی جیهان لە هاوپەیمانێتییەکدا کۆبوونەتەوە. 30 وڵات هێشتا هێرشی ئاسمانی لە عێراق و سووریا ئەنجامدەدەن بۆئەوەی لەڕێگەی ئەندامانمانەوە داعش تێکبشکێنین.
لە کۆتاییدا مایڵز کاگینز ڕایگەیاند جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، دوو ئەرکمان بۆ تێکشکاندنی داعش هەن. یەکێک لەو ئەرکانە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعشن، وەکوو هێرشی ئاسمانی، بەشکردنی زانیاریی هەواڵگری، هەروەها هاریکاریی دیکە بۆ هێزە هاوبەشەکانمان کە هەندێکجار دەچنە شوێنە مەترسیدارەکان لە چیا و بیابانەکان بۆئەوەی چەکدارانی داعش بدۆزنەوە. بەشەکەی دیکە مەشقی سەربازییە، مەشقی سەربازی تەنیا لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا وەستاوە، هەریەکێک لەو وڵاتانەی کە راگرتنی مەشقەکانیا راگەیاندووە، لەوانە فەرەنسا و چیک و بەریتانیا، لەوانەیە هەندێکی دیکەش هەبن، گوتوویانە کە هەرکاتێک بتوانن دەگەڕێنەوە عێراق و لە مەشقەکان بەردەوام دەبن. بۆئەوەی لە هەندێک مەشقی گرنگی دژ بە داعش بەردەوامبن، وەکو هێرشی زەمینی و دۆزینەوە و پووچەڵکردنەوەی بۆمب و تەقەمەنییەکان، دابینکردنی کەرەستەی پزیشکی لە مەیدانی جەنگدا، هەموو ئەو شارەزاییانە بۆ هێزە هاوبەشەکانمان گرنگن، بۆئەوەی زۆرترین کاریگەرییان بەرامبەر داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان پیشان بدەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment