بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، دوو هەزار و 69 کەسی دیکە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ بووە و تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەمەش کۆی گشتیی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتە 7533 تووشبوو.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە 24 کاژێری رابردوودا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە 17 کەس بوون، بەمەش ژمارەی گیان لەدەست دان بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 92 کەس.
پێشتر سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا 12 شارۆچکە و گوند لە وڵاتەکەیاندا کەرەنتین کراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رێکارەکانی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکوو ئێستا 211 هەزار و 670 شوێنیان داخستووە و بەپێی هەڵسەنگاندنەکانیان ژیان لە 80%ـی تورکیا وهستاوه.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی پەنابەرانی کرد و گوتی، لە رۆژی پێنجشەممە 26-3-2020ـەوە دەستیان کردووە بە بڵاوەپێکردنی پەنابەران لەسەر سنووری ئەدرنە و بەسەر نۆ پارێزگادا دابەشیان کردوون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment