کوردپرێس:
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، وەك دەزانن ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی، لە دۆخێكی سەختدا یادی ئەم جەژنە نیشتمانییە دەكەینەوە، بەڵام ڕێكارەكان بۆ سەلامەتی و پاراستنی هاووڵاتیانە.
دەقی پەیامەكە:
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردییەوە ، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی گەلی كوردستان و بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەكان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم. هیوادارم مایەی خێر و خۆشی بێت بۆ خەڵكی كوردستان.
‎وەك دەزانن ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی، لە دۆخێكی سەختدا یادی ئەم جەژنە نیشتمانییە دەكەینەوە . سوپاستان دەكەم بۆ پابەندبوونتان بە رێنماییە تەندروستییەكان و ئەو رێكارانەی بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویست گرتوومانەتەبەر لەوانەش سنوورداركردنی هاتووچۆ . دڵنیاین بە هاوكاری یەكتر ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنین وەك چۆن لە رابردوودا بە خۆڕاگرییەوە بەسەر زۆر باردۆخی سەختدا زاڵ بووین.
‎هیوادارم ئەم ئاستەنگیانەی هاتوونەتە پێشمان، ببنە دەرفەتێك بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆپارێزیی زیاتر لە داهاتوودا و، لە ئاستی ئابووریش زیاتر هانمان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی دارایی و كارگێڕی كە یەكێك لە كارە لە پێشینەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. بە تایبەتی كە ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونمانەوە جەختمان لە سەر سیاسەتی هەمەچەشەنكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان و پشت نەبەستن بە تاكە سەرچاوەیەكی داهات كردووەتەوە و، ئەم دۆخەی ئێستاش، سوورترمان دەكات لە سەر بەردەوامبوون لەم چاكسازیانەدا.
‎نەورۆزتان پیرۆز بێت و ئومێدەوارم كوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت .
‎مەسرور بارزانی
‎سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020/3/20
Your Comment