بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەستەی دامەزرێنەری پارتی DEVA لە 90 ئەندام پێکهاتووە و عەلی باباجان لە وتەیێکدا رایگەیاند: "پڕۆگرامی پارتەکەمان جەخت لە زیندووکردنەوەی دیموکراسی و سەروەری یاسا دەکاتەوە، ئەمانەش بنەمای سەرەکی کاری پارتەکەمان دەبن".
باباجان وتیشی :"پێویستە سیستەمی سەرۆکایەتی کۆتایی پێبێت و سیستەمی پەرلەمانی بگەرێتەوە بۆ تورکیا، لەگەڵ گێڕانەوەی شکۆ و هێز بۆ پەرلەمان".
لە پرۆگرامەکەی پارتی دێڤادا باس لە کێشەی کورد و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کراوە لە تورکیادا، لە تەواوی پرۆگرامەکەدا پێنج جار ناوی کورد بەکار هاتووە، هاوکات لە یەکێک لەبەشەکانی پڕۆگرامەکەشدا باس لەچارەسەرکردنی کێشەی کورد کراوە لە تورکیادا.
‎لە پرۆگرامەکەدا هاتووە: "کێشەی کورد ریشەیێکی دوور و درێژی مێژوویی هەیە، چارەسەرنەکردنیشی بەردەوام کێشەی زیاتری ئابووری، مرۆیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ تورکیا دروست دەکات".
‎لەبەشێکی دیکەی پرۆگرامەکەدا هاتووە "ئێمە بڕوامان وایە لە تورکیادا ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بکرێ، دیموکراسی بەرەوپێش دەچێت و سەروەری یاسا بڵندتر دەبێت ئاستی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش بەهێزتر دەبێت".
‎پۆگرامی پارتی دێڤا دەشڵێت: "کێشەی کورد پەیوەندیی بە جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتییانی کوردەوە هەیە لەرووی مافی دیموکراسی، یەکسانی و هاوڵاتیبوونەوە لە تورکیادا، ‎لەوچوارچێوەیەشدا ئێمە، لەرێی کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسییەکان و رەخساندنی زەمینە دیموکراسی و فراوان کردنی پانتایی ئازادییەکان و لەژێر سایەی سەروەری یاسادا کێشەی کورد چارەسەر دەکەین."
‎باباجان رایگەیاندووە: "پێویستە بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی تورکیادا بکرێت، بۆ نمونە نابێت زمانی دایک ببێت بە کێشە لەبەردەم بەدیهێنانی دیموکراسی لەو نێوانەشدا دەبێت لەگەڵ کوردەکان بە میکانیزمی دیموکراسیی گفتوگۆ بکرێت و تا دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد لە تورکیادا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment