هۆکاری بەئەنجام نەگەیشتنی دانووستانەکانی نێوان عەلاوی و کورد/ دەرباز محەمەد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندن و نوێنه‌ری گۆڕان له‌ شاندی دانوستانی حیزبه‌ كوردستانیه‌كان بۆ به‌غدا. زانیاریی نوێ سه‌باره‌ت به‌ نه‌گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتنی كورد و عه‌ولاوی ده‌خاته‌ روو.

کوردپرێس: پاش شکست هێنانی دنوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و کشانەوەی محەمەد عەلاوی لە پۆستەکەی، وتەی زۆر و هەندێک جار موتەناقیز لە سیاسەتوانان و ئەندامانی شاندی دانوستانکار بیسترا. دکتۆر ده‌رباز محه‌مه‌د ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندن و نوێنه‌ری گۆڕان لە شاندی دانوستانکاری کورد لە یادداشتێکدا هۆکاری شکستهێنانی دانوستانەکان دەخاتە ڕوو.

ده‌رباز محه‌مه‌د ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندن و نوێنه‌ری گۆڕان دەڵێت لێدوان و قسەی زۆر کرا لەبارەی دانوستان و پێکھێنانی حکوومەتەوە. بەندە لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی رووداو، ھەروەھا لەگەڵ سایتی سبەی، بەشی زۆری ھەڵوێست و چۆنێتی گفتوگۆکانم باس کرد، بەڵام وا دیارە ھەندێ راستی بەلاڕێدا براوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم چەند راستیێک وەکوو خۆی بۆ مێژو باس بکەم:

یەکەم: لەنێو وەفدەکەی کوردستان جیاوازی لە دەربڕین ھەبوو، بەڵام راوێژ و گفتوگۆ لەنێو خۆمان بەردەوام بوو، ھەڵوێستیش ھەمیشە یەک بوو.

دووەم: کەمترین باسی ژمارە و چۆنێتی وەزیرەکان بوو، بەڵکوو گرفتمان ئەوە بوو کەس خۆی نەدەکرد بە ساحێب لە پێکھێنانی حکوومەت، ئەوەی سەرسەختانە بەرگری لە عەلاوی دەکرد سەدر بوو، سەدریش دواجار ھەمووانی جوێن باران کرد و ھیچی تیا نەھێشتەوە.

سێیەم: عەلاوی بە روونی وتی؛ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سێ وەزارەت بۆ کوردە، واتە لە سێ وەزیرەوە دەبن بە چوار، ھەر بۆ خۆشتان کاندید بێنن و من یەک کەس دانانێم و ھەر ناوێک دێنن، گرنگ ئێوە پێی رازیبن، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێ ھیچ ناوێک نەنێردرا بۆ ئەوەی ببێ بەوەزیر.

چوارەم: ئەوەی نەیھێشت حکوومەت پێکبێت، خودی شیعە بوو، لەبەر جیاوازی خۆیان لەسەر ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوەکانی عەلاوی و پشتیوانی سەدر و چۆنێتی ناوە پێشنیازکراوەکان بۆ کابینەکەی. بە بەڵگەی لەکۆی ١٨٧ ئەندامی شیعە، تەنھا ٩٤ ئەندامیان ئامادەی دانیشتنەکە بوون، لەکاتێکدا تەنھا ١٦٥ ئەندام بەسە بۆ بەستنی دانیشتن و متمانەدان بە کابینەکە. کورد و سونەش مافی خۆیانە ھاوشێوەی نیوەی شیعە کابینەیێک رەت بکەنەوە، کە ناکۆکی زۆری لەسەرە.

پێنجەم: وەفدی کوردستان ھەر لەیەکەم رۆژەوە و لای ھەموو لایەنەکان دووپاتمان دەکردەوە، کە ئێمە پشتیوانین بۆ پرۆسەکە و رێگر نین و نابین، دەمانەوێ سەقامگیری بێتە کایەوە، تێگەیشتوین لە ھەستیاری قۆناغەکە و رەچاوی بارودۆخەکە دەکەین. لەھەمان کاتدا مەلەفە گرنگەکانی کوردستان، بەتایبەت بودجەی ھەرێم، بارودۆخی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، مەلەفی ئەمنی، ھەمووی بەوردی باس کرا، بەڵام تەنھا بۆ مەلەفی بوودجە بەرچاو روونی ھەبوو، مەلەفەکانی دیکە نە زانیاری ھەبوو نە روئیای ھەبوو بۆ چارەسەر نە بەلێنێکی کۆنکریتیشی دا، تەنھا ئەوە نەبێ کە ھاوکاربن با چارەسەری ئەو کێشانە بکەین.

شەشەم: خودی بەرێز عەلاوی باش ئیدارەی گفتوگۆکانی نەدا، سەلیقە و کاریزمای وەک پێویست نەبوو بۆ ئەو کارە، تیمێکی سیاسی لەگەڵ نەبوو راوێژ و کارئاسانی بۆ بکا. پشتی بەھەندێک کەس بەست کەدواجار بەجێیان ھێشت، قورسیی ئەرکەکەی باش نەخوێندبووەوە.

بەڵێ عەلاوی وەکوو کەسێتی خۆی کێشە نەبوو بۆ کورد، بەڵام گرنگترین کێشەی ئێمە و ترسی زۆرمان ئەوە بوو کە خاوەنی قورسایی و بڕیار نابێ و دەکەوێتە ژێر کاریگەری چەند کەس و لایەنێک، کە زامن ناکرێن بۆ ئەوەی دژی کورد نەبن. دواجار ئەوە خودی عەلاوی بوو کە نەیتوانی زۆرینەی شیعە مسۆگەر بکا، ھەر بۆیە کورد و سونەشی مسۆگەر نەکرد.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157771

Your Comment

You are replying to: .
captcha