بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنفرانسەکەدا، بەدەر لە تاوتوێ کردنی چەندین پرسی سەرەکی پەیوەست بە ئاسایشی جیهان، هاوکات بە دەیان دیدار و کۆبوونەوە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا بەڕێوە دەچن.
ئەمساڵ 56ـەمین کۆنفرانسە ئەنجام بدرێت، کە لە 14 بۆ 16 شوبات لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. بڕیارە بەدەر لە کێشە بەردەوامەکانی ئاسایش، هاوکات باس لە نیگەرانییەکانی داهاتووش بکرێت، بەتایبەتیش کە تەکنەلۆژیا لە گەشەکردن بەردەوامە.
سەرنجی کۆنفرانسەکەی ئەم ساڵ زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە دەبێت: بەرگری کردن و سیاسەتی ئاسایش، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و هەڕەشەکانی تەکنەلۆژیا، ئاسایشی مرۆڤایەتی، ئابووری و سەرچاوەی ئاسایش و هەروەها ئاسایشی دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتان.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی کردووە و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان کۆبووەتەوە.
لە ساڵی 2018 لە کاتێکدا هێشتا گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەردەوام بوون، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک بەشداری لە کۆنفرانسی میونشن کرد و لەوێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێریان کرد.
ساڵانە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن راپۆرتێکی تایبەت بە پرسی ئاسایشی جیهانی ئامادە دەکات و راپۆرتەکە چەند رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە بڵاودەکرێتەوە، بڕیارە راپۆرتەکەی ئەمساڵیش رۆژی دووشەممەی داهاتوو 10-02-2020 بڵاو بکرێتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment