لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی «of» و پیتی «s» لە حاڵەتی جێگری میلکیی سێهەم کەسدا وەکوو ئامێر و نیشانەی پێوەندیی نێوان وشەکانی زمان دیاری کراوە. نموونە:
university of Kurdistan, Iran’s flag
هەندێک جاریش لە نێوان ئاوەڵناو و ناو یان خود لە نێوان دوو ناودا هیچ پیت یان نیشانەیێک نانووسرێت و بە پێی یاسای زمان دوو وشەکە پێوەندییان لەگەڵ یەک دەبێت. نموونە: Kurdistan university
لە زمانی فارسی و عەرەبییشدا نیشانەی پێوەندی بە «کسره اضافه» ناوی لێبراوە و دەنگی ژێرە دەدات.
بۆ نموونە: پرچمِ ایران، دانشگاەِ کردستان
دیارە لە ڕێنووسی فارسیشدا ئەو نیشانەیە نانووسرێتەوە و بە حوکمی یاسا ڕێزمانییەکان و پێوەندیی نێوان وشەکان لە کاتی وتنەوەدا دەنگیلەی ژێرەکە دەردەکەوێت. وەکوو: کشور ایران، دولت مستقل، شاعر کرد
لە زمانی عەرەبیدا نیشانەی پێوەندییەکە دەنووسرێت و بە زۆری لە ڕستەدا دەبینین کە ئیعرابی وشەکان نووسراوەتەوە: آمنو بالیومِ الآخرِ- کلِ شیئِ
لە زمانی کوردیشدا نیشانەی پێوەندیی وشە لە ڕێنووسی ئارامیدا پیتی دەنگداری «ی»یە کە دەلکێت بە وشەوە. بۆ نموونە:
رئیس اقلیم کردستان: سەرۆکی هەرێمی کوردستان
شهردار سنندج: شارەوانی سنە
استاندار کردستان: پارێزگاری کوردستان
لەو وشانەدا کە بە پیتی دەنگداری «ی» تەواو دەبن پێویستە هەردووک «ی» لە کۆتاییی وشەکەدا بنووسرێت. بۆ نموونە:
ریاست اقلیم کردستان: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
شهرداری سنندج: شارەوانیی سنە
استانداری کردستان: پارێزگاریی کوردستان
لە زاراوەی کرمانجیدا دیسان پیتی پێوەندیدەر دەپارێزرێت و لە هەموو وشە پێوەندیدارەکاندا دەنووسرێتەوە و بە گوێرەی ڕەگەز ئەگەر مێیینە بوو نیشانەی a, ya و ئەگەر نێرینە بوو نیشانەی ê و yê بەکار دەهێنرێت. وەکوو:
Serokê Herêmê
Şaredarê Sineyê
Serokatiya Herêmê
Mamosteyê/a Zankoyê
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە هەر وشەیێک بە بێدەنگەوە تەواو بووبێت بۆ ڕەگەزی مێیینە «a» و بۆ ڕەگەزی نێرینە «ê» بەکار دەهێنرێت بۆ پێوەندی دانی وشەکان بە یەکترەوە. وەکوو:
Serokê Herêmê
بەڵام هەر وشەیێک بە دەنگدارەوە تەواو بێت بۆ ڕەگەزی مێیینە «ya» و بۆ ڕەگەزی نێرینە «yê» بەکار دەهێنرێت. وەکوو:
Serokatiya Herêmê
Mamosteyê Zankoyê
لە هەورامیشدا نیشانەی پێوەندی «و» و «وو»ە. واتا ئەگەر وشە بە پیتی بێدەنگەوە تەواو بووبێت ئەوا نیشانەی پێوەندی «وو» دەبێت و ئەگەر بە پیتی دەنگدارەوە تەواو بووبێت نیشانەی پێوەندی «و» دەبێت و دەلکێت بە وشەکەوە. بۆ نموونە:
سەرۆکی هەرێم: سەرۆکوو هەرێمی
شارەداری پاوە: شارەداروو پاوەی
سەرۆکایەتیی هەرێم: سەرۆکایەتیو هەرێمی
پارێزگاریی کوردستان: پارێزگاریو کوردستانی
Your Comment