ئەمریکا هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە مافی مرۆڤی بڵاوکردەوە و تێیدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی 2020دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دۆخی خراپی ئابوورییەوە پێشێلکاری زیاتر لە جیهاندا کراوە و هەندێک لە وڵاتان ئەو قەیرانەیان بۆ سنووردار کردنی زیاتری مافی مرۆڤ بەکارهێناوە و هەندێک لە حکوومەت و سەرکردەکان هەوڵیان داوە لەو رێگەوە دەسەڵاتی خۆیان فراوانتر بکەن.

راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووی رێکخستنی وڵاتەوە ڕووبەڕووی ململانێی زۆر بوونەتەوە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خاوەنی ئاسایشی تایبەت و جیاوازی خۆیانن، هەرچەندە بەپێی دەستووری فیدراڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر ئاسایشی هەرێمەکەدا هەبێت، بەڵام یەکێتی و پارتی بە جیا کۆنترۆڵی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کردووە و لەناو وەزارەتی ناوخۆشدا خاوەنی هێزی پۆلیسی جیاوازی خۆیانن. ئەمە جگە لە دوو خزمەتگوزاریی جیاوازی هەواڵگری و ئەوانیش لەناو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات "هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێلکاری دژ بە مافی مرۆڤیان ئەنجام داوە". چوونکە بەپێی راپۆرتەکە: "کوشتنی نایاسایی، کوشتن لە دەرەوەی دادگاکان، شوێنبزرکردن، ئەشکەنجە، هەڕەشە، سنووردار کردنی رادەربڕین و مامەڵەی نامرۆییان ئەنجام داوە". هەروەها "رێگریشیان کردووە لە دەنگ بەرزکردنەوەی خەڵک و بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵک سنووردار کراوە و تووندوتیژییان دژ بە رۆژنامەڤانان کردووە".

راپۆرتەکە دەڵێت لە ئۆکتۆبەری 2019ەوە تاوەکوو ناوەڕاستی 2020 راپۆرتیان پێگەیشتووە سەبارەت بە کوژرانی 500 کەسی مەدەنی و برینداربوونی 20 هەزار کەس لە تەواوی عێراقدا. حکوومەتیش کەمترین هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی بەرپرسیارانی ئەو تاوانانە بباتە بەردەم دادگا. تەنانەت دەشڵێت هەرچەندە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە، کەچی زۆر بە دەگمەن سزای ئەنجامدەرانیان دراوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1467

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha