گۆڕان سووره‌ له‌سه‌ر مه‌رجی دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێم

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت: بزووتنه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پێنج لایه‌نه‌كه‌ی‌تر به‌رده‌وام له‌ كۆبوونه‌وه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چی بكه‌ین به‌ڵام زۆربه‌ی بۆچوونه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه‌ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ناو په‌رله‌مان بایكۆت بكرێت نه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان چوونكه‌ "غه‌ش و ته‌زویرێكی زۆر كراوه و هه‌ر شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ پێیان باشه‌ كه‌ دان به‌و ساخته‌كارییه‌دا نه‌نرێت كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا كراوه‌."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ‌میانی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی مه‌رجی ئێستای شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ كه‌ له‌پێشتردا داوای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان به ‌ده‌ست ده‌كرد ده‌ڵێت: "مه‌رجه‌كه‌ به‌ ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن دووباره‌ بكرێته‌وه‌ چوونكه‌ هه‌ڵبژاردن ساخته‌كاری تێدا كراوه‌ و ئێمه‌ ئێستا باسی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به ‌ده‌ست ناكه‌ین و ئێستا خوا ده‌یزانێت ئه‌و سندوقانه‌ چییان لێ به‌ سه‌ر هاتوووه‌ و ئه‌وه‌ هه‌فته‌یێک ده‌بێت هه‌ر كه‌س نازانێت چییان لێهاتوووه‌ و له‌كوێن."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا بڕیاری شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ی كوردستان بۆ بایكۆت كردنی به‌شداری كردنیش ده‌بێت له ‌به‌شداری كردن له‌ حكوومه‌تی نوێی عێراق؟ محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم وتی: "جارێ بڕیاره‌كه‌ به‌ ته‌نیا بۆ په‌رله‌مانه‌ با مه‌سه‌له‌ی په‌رله‌مان یه‌كلایی بێته‌وه‌ ئه‌وكات بڕیار ده‌ده‌ین چی بكرێت یاخود نه‌كرێت ئینجا حكوومه‌ت په‌رله‌مان دروستی ده‌كات و په‌رله‌مانیش كه‌ به‌ساخته‌كاری كرابێت ئیتر ئایا ئه‌و حكوومه‌ته‌ شه‌رعییه‌تی ده‌بێت یاخود نا؟ ئه‌مه‌ بابه‌ته‌كه‌یه‌."

محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم له‌باره‌ی كاریگه‌ریی سه‌ردانه‌كه‌ی برێت مه‌كگۆرگ بۆ لای شه‌ش لایه‌نه‌كه و‌ ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له ‌مه‌رجه‌كه‌یاندا وتی: "ئێمه‌ واده‌ی چاوپێكه‌وتنمان ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ مه‌كگۆرگ هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ بۆچوونی هه‌ر شه‌ش لایه‌نه‌كه‌یه‌ تا ئه‌م ساته‌."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای هه‌ڵوێستی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان كرد و هاوكات هۆشداریشی دا و ڕاشی‌گه‌یاند: "ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان ئێستا هه‌ڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرا نه‌بێت ئه‌وا ئه‌و ساخته‌كارییه‌ی كراوه‌ هه‌مان شت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌."

محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم ئه‌وه‌شی وت: "ساخته‌كاری به‌ ته‌نیا له ‌شوێنێک نه‌كراوه به‌ڵكوو له ‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا كراوه‌ و وایان له‌ خه‌ڵک كردوووه‌ بڕوایان به‌ ده‌نگدان نه‌مێنێ."

شایانی باسه‌؛ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ 12ی ئه‌م مانگه‌ به‌رێوه‌ چوو كه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆ گۆڕان‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌تر قبووڵنه‌كراو بوو ئه‌وه‌ش به ‌بیانووی ئه‌وه‌ی "ساخته‌كاری" له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له ‌ناوچه‌كانی هه‌رێم كراوه‌.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14534

Your Comment

You are replying to: .
captcha