بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە راگەیەندراوێکدا جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە کردووە، جووت حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان تەزویرێکی گەورەیان ئەنجام داوە لە دژی نەوەی نوێ و ھەندێك حزبی تر و بەوەش هەرێمی کوردستانیان گواستەوە بۆ دۆخێکی جیاواز و مەترسیدار.
جووڵانەوەکە باس لەوە دەکات، لە دادگای فیدراڵی لە بەغدا داوای یاسایی دژی ئەو کارە تۆمار دەکەن و داوای سەرلەنوێ ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان دەکەن بە دەست.
جگە لە دەربڕینی ناڕەزایی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوا لە لایەنە ناڕازییەکانی تری هەرێمی کوردستان دەکات بە ھاوبەشی کاری سیاسی بکەن بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامە نافەرمی و بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
هەروەها داوا دەکات لە ئاستێکی باڵاترەوە کار بکرێت بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامەکان و لایەنەکان بە تەنها بە دەرکردنی بەیاننامە رانەوەستن، بەڵکوو پێکەوە چەند هەنگاوێکی گرنگ و بە پەلە بگرنە بەر و بۆ ئەو مەبەستە چەند خاڵێکی پێشنیاز کردووە کە بریتین لە:
١- دروستکردنی بەرەیێکی پەرلەمانی لە هێزە ناڕازییەکان پێکەوە، کە دەتوانن بەجیا لە یەکێتی و پارتی لە بەغدا گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەت بکەن.
٢-دروستکردنی بەرەیێکی بەهێز لە هەرێم بۆ کاری هاوبەشی داهاتوو و هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.
٣-کارکردنی ئەو هێزانە پێکەوە لەناو عێراق و دەرەوەی وڵات بۆ دروستکردنی فشاری راستەقینە و سنووردارکردنی هەژموونیی جووت حزبی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان.
پاش راگەیاندنی ئەنجامە نافەرمییەکانى هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە شەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانى و یەکگرتوو و کۆمەڵ و چەند لایەنێکى دیکە ڕایانگەیاند، هەڵبژاردنەکە ساختەکاریى تێداکراوە و ئەنجامەکانیان ڕەت کردەوە و داوایان کرد هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان و کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان دووبارە بکرێتەوە.
Your Comment